وەزیری تەندروستی: کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت، "لە جیهاندا ساڵانە زیاتر لە 19 میلۆن و 500 هەزار کەس تووشی  شێرپەنجە دەبن و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم گرفتە". دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە لە بەرەنگاربوونەوەی شێڕپەنجە". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە دهۆک، رایگەیاند: "ئەمە بۆ جاری یەکەمە لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی تیشک بۆ چارەسەریی نەخۆشی شێرپەنجە دروست دەکرێت".

وەزیری تەندروستی گوتی، "شێرپەنجە گرفتێکی گەورەی جیهانییە، کێشەیەکە کە چەندین رەهەندی قورسی ئابووری، مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیی هەیە، سەرەڕای ئەوەی گرفتێکی تەندروستی، فرەهۆکار و فاکتەر لەخۆدەگرێت بە قورسترین سیستەمەکانی جیهان دادەنرێت. هەر لە رێکارییەکانی خۆپارێزی  و دەستنیشانکردن و کەمکردنەوەی تووشبوون و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان و رێژەی پەککەوتن و مردن".

سامان بەرزنجی ئەوەشی ئاشکراکرد، "رەوشی شێرپەنجە گۆڕانکاری خێرای بەسەردادێت، لەگەڵ خێرایی پێشەکەوتنەکانی ئامرازەکانی زوو دەستنیشانکردن و ئاسانکاری و نەشتەرگەرییە و چارەسەرییەکان، بەڵام تا ئێستا فاکتەری هەڵسوکەوتی ژیان و بوونی کێشەی ژینگەیی و خۆراک و نەبوونی وەرزش، دووکەڵ و جگەرە، پێشکەوتنە جیاوازەکان، جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە بە ئالەنگارییەکانی ئەم گرفتە".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە جیهاندا ساڵانە زیاتر لە 19 میلۆن و 500 هەزار کەس تووشی  شێرپەنجە دەبن. هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم گرفتە، سەرەرای بوونی چەندین گرفتی کەڵەکە بووی ئابووری، ژینگەیی  مرۆیی، ئەم خزمەتگوزارییەکان، کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەسەر ئاستی عێراق و ستانداردی نێودەوڵەتییەکان، و چارەسەری ریشەیی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کراوە، کوردستان خاوەنی چەندان سەنتەری  چارەسەری بۆ هاووڵاتییان".


ئامادەکردن: لاڤین عومەر