سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی

K24 - هەولێر

سبەی سێشەممە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی سێشەممە، 07-11-2023، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی شاندەکەی پارتی دەکەن و، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی ئەو حزبە دەکەن.

دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە 30ی تەممووزی 2023 لە سلێمانی ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەدا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندییە دووقوڵییەکانی هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.

پێشتر سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، "بڕیارە لە چەند رۆژی ئاییندەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گەڕێکی سەردانەکانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم. کۆمەڵێک دۆسییەی ناوخۆیی و عێراقی هەن بڕیار وایە ئەم دوو حزبە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن".