داوود ئەتروشی: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵ بۆ پێشخستنی پرۆسەی خوێندن دەدات

داوود سلێمانی ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک
داوود سلێمانی ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک

K24 – هەولێر:

رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 28ـەمینی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو، هاوکات سەرۆکی زانکۆی دهۆک رایدەگەیەنێت، زانکۆی دهۆک ناوەندێکە بۆ پێگەیاندن و بەرەوپێشچوونی قوتابییان، هاوکات گوتیشی: زانکۆی دهۆک ماڵێک بووە بۆ دروستکردنی کەسایەتی رۆشنبیر و ئەکادیمی.

ئەمڕۆ دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 28ـەمینی قوتابییانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەکەدا داوود سلێمان ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک لەمیانەی گوتارێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ 4507 قوتابیی لە 69 پسپۆڕی جیاواز و لە 18 کۆلێژی زانکۆی دهۆک ئاهەنگی دەرچوونیانە، گوتیشی: ئەمڕۆ قوتابییان دوای وێستگەی خوێندنیانە و، هەروەها دەستپێکی وێستگەیەکی نوێیە بۆ ژیانیان بۆ دیاریکردنی دوارۆژی خۆیان.

هاوکات راشیگەیاند، زانکۆی دهۆک ناوەندێک بووە بۆ پێگەیاندن و بەرەوپێشچوونی قوتابییان، هەروەها مالێک بووە  بۆ دروستکردنی کەسیاتی رۆشنبیر و ئەکادیمی.

سەرۆکی زانکۆی دهۆک، دەڵێت: دوای تەواوکردنی زانکۆ قوتابییان دەسپێکی ژیانێکی نوێی ئەکادیمییان دەبێت و، پاشەڕۆژیان پڕ دەبێت لە دەرفەت، لە هەمانکاتدا تووشی بەربەستی زۆر قورسدەبنەوە بەڵام قوتابییان دەتوانن بەسەر ئەم بەربەستانە زاڵ بن و سەرکەوتوو بن.

داوود سلێمان ئەتروشی، ئاماژەی بەوەدا، جیهان بەردەوام لە بەرەوپێشچووندایە و هیوادارم قوتابییانیش لەگەڵ پێشکەوتنەکان خۆیان بگونجێنن.

سەرۆکی زانکۆی دهۆک، گوتی: زانکۆی دهۆک وەک ناوەندێکی ئەکادیمی بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و بەرەوپێشچوون و دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی و ئەکادیمی بۆ قوتابییان، هەروەها زانکۆی دهۆک پڕۆژەی جددی ئەنجامدەدات بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن و لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ بەدەستهێنان و متمانەبەخشینی پڕۆگرامی خوێندن.

گوتیشی:سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵ بۆ پێشخستنی پرۆسه‌ی خوێندن ده‌دات، هەروەها هەمیشە زۆرترین خزمەتی پێشکەش بە ناوەندەکانی خوێندن کردووە.

زانکۆی دهۆک لە 31ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1992 دامەزراوە؛ لە 20 کۆلێژ و 69 بەشی جیاوازی زانستی پێکدێت. لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا 54 هەزار و 445 قوتابی لە زانکۆکە دەرچوون و، لە ساڵی خوێندنی 2022-2023ـیش، چوار هەزار و 507 قوتابی دەرچوون.