بەهۆی بێڕێزیکردن بە کچە رۆژنامەنووسێک داوای لێکۆڵینەوە لە مامۆستایەکی مانگرتووی زانکۆی سلێمانی دەکرێت

زانکۆی سلێمانی
زانکۆی سلێمانی

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی بێڕێزیکردنی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بە کچە رۆژنامەنووسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمیانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو مامۆستای زانکۆیە دەکەن.

رۆژی دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژنەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە واژۆی وەزیری خوێندنی باڵا نووسراوێکیان ئاراستەی زانکۆی سلێمانی کردووە و تێیدا هاتووە، "کارى پێویست ئەنجام بدرێت بە پێکهێنانى لیژنەیەکى تایبەت بۆ بەدواداچوونى وتەکانى ئەو مامۆستایەى زانکۆى سلێمانى کە لە چاوپێکەوتنێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و وشەى نەشیاوى بەکارهێناوە بەرامبەر خانمێکى رۆژنامەنووس دوور لە دابونەریت و پیشەکەى خۆى".

هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا، زانکۆى سلێمانى راسپاردوە بەزووترین کات دواى تەواوبوونى کارى لیژنەکە، وەزارەت لە ئەنجامەکەى ئاگادار بکاتەوە.

پێشتریش راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "وشه‌ نه‌شیاوه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كچه‌ رۆژنامه‌نووسێك به‌كاریهێنا، ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌گونجاوی ده‌زانین، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ پێكهێناوه ‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت".

هەروەها لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر شێوازی قسەکردنی ئەو مامۆستایە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەکردووە، " كەسێك لە خۆپیشاندەران كە هەڵگری نازناوی مامۆستای زانكۆ بوو، هەندێك زاراوەی ناشایستەی بەرامبەر كچە پەیامنێر گوت، كە دووربوون لە ئەتەكێت و زمانی شارستانیی سەردەم".

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوەی ئەو مامۆستای زانکۆیە بەرامبەر کچە رۆژنامەنووسێک ئەنجامیدا، پێچەوانەی ماددەی حەوتەم، بڕگەی پێنجەمی یاسای كاری رۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـە و رۆژنامەنووسەکەی سەرپەشک کردووە لە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو مامۆستایە.

رۆژی (5ـی تشرینی دووەمی 2023) لەمیانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، مامۆستایەکی ئەو زانکۆیە چەند وشەیەکی نەشیاو بەرامبەر شەونم مەحموودی رۆژنامەنووس بەکاردەهێنێت لە کاتێکدا ئەو رۆژنامەنووسە هەوڵی وەرگرتنی لێدوانی لەو مامۆستایە دەدا لەبارەی هۆکاری بایکۆتکردنی خوێندن و خۆپیشاندان.