سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کوردستانێکی بەهێزتر پێویستی بە کارامەیی و کاری نوێیە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ دەرچووانی زانکۆی دهۆک رایگەیاند، داهاتوومان بەندە بە داهێنانەکانی ئێوەوە و جەختیشی کردەوە، کوردستانێکی بەهێزتر پێویستی بە کارامەیی و کاری نوێیە لە چەندین بواردا.

رۆژی دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 28ـەمینی زانکۆی دهۆک و پیرۆزباییان لێدەکات و هیواش دەخوازێت لە داهاتوودا بتوانن ببنە زانا و داهێنەر و خزمەتی گەلی خۆیان بکەن و ببنە جێی شانازی بۆ خانەوادەکانیان و هەمووان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نووسیویەتی، "کوردستانێکی بەهێزتر پێویستی بە کارامەیی و کاری نوێیە لە سێکتەری بانکی، ژیریی دەستکرد، کشتوکاڵ، تەکنەلۆجیا و بواری دیکەدا".

لەبارەی رۆڵی زانکۆکانیشەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "کاردەکەین بۆ ئەوەی زانکۆکانمان رۆڵی کاراتریان هەبێت لە بنیاتنانی ئابووریماندا".

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک رایگەیاند، ئەرکی سەرەکی زانکۆکان ئەوەیە، رۆڵێکی گرنگ و دیار و پێشەنگيان لە پێشخستن و پەرەپێدانی هەمەلایەنی وڵاتدا هەبێت و لە رێگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان، رۆڵێکی بنەڕەتی لە بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز و پتەوی کۆمەڵگەیەکی هوشیار و هاوچەرخدا بگێڕن.

هەروەها لە ماوەی رابردوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەندینجار پابەندبوونی خۆی بە کارکردن و هاوکاریکردنی گەنجان وەک گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و پەیامی راستەوخۆی بۆ گەنجان ئەوەبووە، "ئامرازی پێویستتان بۆ سەرکەوتن بۆ دابیندەکەین، ژینگەیەک دروست دەکەین تێیدا کارامەیی و شارەزایتان رەنگبداتەوە".

بابەتی پەیوەندیدار: قوتابییان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە تێڕوانینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی