عەلیڕەزا نووریزادە: سوودانی پەیامی ئەمەریکای بە ئێران گەیاند

عەلیڕەزا نووریزادە، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی
عەلیڕەزا نووریزادە، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی

K24 – هەولێر:

بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی، رایدەگەیەنێت، ئه‌مەریكا ناخوازێت له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌وێته‌ شه‌ڕ و، هەروەها گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، هاوکات گوتیشی: سوودانی پەیامی ئەمەریکای بە ئێران گەیاند.

عەلیڕەزا نووریزادە، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران کاتێک زانیان ئیسرائیل کە چەند وەڵامێکی تووندی دەبێت، گوتاری خۆیان هێور کردەوە و نەرمیان نواند، سەرکردەکانی ئێران و لبنان بە شێوازێکی راستەقینە ئاستی قسەکانیان هێنایە ئاستێکی خوارەوە.

بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی، ئاماژەی بەوەدا، گوێیان لە گوتارەکەی حەسەن نەسروڵا، ئه‌منیداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی بوو، کە گوتی هەموو جیهان چاوڕێیە بۆ ئەوەی جیهاد رابگەیەنێت، "بەڵام کاتێک بینیمان قسەی کرد باسی هۆکارەکانی بێ دەنگی دەستوەرنەدانی راستەوخۆی ئێرانی لە جەنگەکە کرد".

عەلیڕەزا نووریزادە، راشیگەیاند، لە رۆژی 8ـی ئۆکتۆبەر دوای ئەوەی شەڕەکە دەستیپێکردبوو ئێران پەیامێکی لەلایەن ئەمەریکاوە پێگەیشت، ناوەڕۆکی پەیامەکە زۆر روون بوو، ئەمەریکا گوتی "ئێوە پێویستە سنووری خۆتان تێنەپەڕێنن، هەر دەستوەردانێکتان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وادەکات ئێمە راستەوخۆ وەڵامی ئێوە بدەینەوە"، دوای ئەوە بینیمان بەرپرسانی ئێران دەیانگوت، "ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەو شەڕەوە نییە".

بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی، دەڵێت: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامی ئەمەریکای بە ئێران گەیاند و گوتی: "ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکان بۆسەر ئامانجەکانیان دەداتەوە". بە واتەی ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە بەرامبەر ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدەدرێن، ئەمەریکا زۆر بە تووندی وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە.

ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە تاران، محەممەد شیاع سوودانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن.

عەلیڕەزا نووریزادە، ئەوەی خستەڕوو، ئه‌مەریكا ناخوازێت له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌وێته‌ شه‌ڕ و، هەروەها گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه.

گوتیشی: گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق پاڵپشتیی له‌ ئێران ده‌كه‌ن و، هەروەها گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق دروستكراوی ئێرانن.

بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پارەیەکی زۆر لە عێراق دزراوە، ئەم پارانە لەلایەن دەسەڵاتی کوردی نەدزراوە، بەڵام ئەوانەی کە دزیەکەیان کردووە لە عێراق باڵادەستن، ئەگەر عێراق وێرانیش بێت بۆیان گرنگ نییە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.