د. عەدالەت عەبدوڵڵا: پێویستە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی جیاوازبێت لە کۆبوونەوەکانی رابردوو

 د. عەدالەت عەبدوڵڵا، نووسەر و چاودێری سیاسی
 د. عەدالەت عەبدوڵڵا، نووسەر و چاودێری سیاسی

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی بە پێویستی دەزانێت، لە کۆبوونەوەی ئەم جارەیاندا، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە قسە لەگەڵ یەکدی بکەن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەنە کاری لەپێشینەیان.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-11-2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە. نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی شاندی پارتی دەکەن؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی ئەو حزبە دەکەن.

 د. عەدالەت عەبدوڵڵا، نووسەر و چاودێری سیاسی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەشداریی بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەکەدا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەی گفتوگۆی لەسەر دەکەن و بەهای زیاتر دەداتە کۆبوونەوەکانی نێوانیان".

بە گوتەی د. عەدالەت، "پارتی و یەکێتی پێویستییان بەوە هەیە بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە قسە لەگەڵ یەکدی بکەن و دەبێت کۆبوونەوەکە جیاوازبێت لە کۆبوونەوەکانی رابردووی نێوانیان، چونکە دۆخی ئێستای ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان وادەخوازێت هەموو هێزە سیاسییەکان هاوهەڵوێستبن".  

لەبارەی کاریگەریی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە، "ئەگەر پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایی نەبێت، ناکۆکییەکان لەکاتی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەت شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان رەنگ دەداتەوە و، بەغدا ئەو ناکۆکییانە دەقۆزێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر حکومەتی عێراقی بزانێت لە هەرێمی کوردستان یەکگوتاری لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا نییە، رەنگە بیانووی هونەری و تەکنیکی و یاسایی بهێنێتەوە بۆ ئەوەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا نەنێرێت؛ بۆیە پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی هەماهەنگییان لەسەر هەموو پرسەکان و بەتایبەت مووچە هەبێت، کاتێک دەچنە بەغدا".

مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە چوار هەفتەیە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندارن.

لەبارەی کاریگەریی شەڕەکە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، د. عەدالەت باسی لەوە کرد، "پێویستی کاری لەپێشینەی ئێستای پارتی و یەکێتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بێت. ئەگەر بازنەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرفراوان بوو، پێویستی گوتاری هەرێمی کوردستان ناکۆک نەبێت لەگەڵ گوتاری عێراق و دەبێت هەردووکیان هاوهەڵوێستبن".