زانا هۆڵەندییەکە: بۆردوومانی غەززە دەبێتە هۆی روودانی بوومەلەرزە

فرانک هوگرێبیتس، زانای بوومەلەرزەزانی هۆڵەندی
فرانک هوگرێبیتس، زانای بوومەلەرزەزانی هۆڵەندی

K24 - هەولێر

زانا هۆڵەندییەکە دەڵێت، ئەو مووشەکانەی بۆ هێرشکردنە سەر غەززە بەکاردەهێندرێن، هێزی بوومەلەرزەیەکەیان هەیە، بۆیە پێشبینی دەکات بۆردوومانکردنی بەردەوامی شارەکە ببێتە هۆی روودانی بوومەلەرزە لە ناوچەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 07-11-2023، فرانک هوگرێبیتس، زانای بوومەلەرزەزانی هۆڵەندی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "پێویستە جیهان ئیسرائیل ناچار بکات، ئەم سەرشێتییە (هێرشی سەر غەززە) رابگرێت. بێجگە لە جینۆسایدکردنی فەڵەستینییەکان، ئەم بۆردوومانە لە کۆتاییدا کاریگەریی گەورەی بوومەلەرزەیی لەسەر ناوچە دەبێت و روودانی بوومەلەرزەیەکی گەورە بە درێژایی دەریای مردوو خێرا دەکات".

 

 

مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە چوار هەفتەیە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندارن.


ئامادەکردن: لاڤین عومەر