کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە پیرمام دەستیپێکرد

K24 – هەولێر

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام دەستیپێکرد، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی ناوخۆیی و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆک بارزانی، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد، پشتیوان سادق و جەعفەر ئیمینیکی. هەروەها شاندی یەکێتی لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، سەعدی ئەحمەد پیرە، رەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەممەد پێکدێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا پارتی و یەکێتی، تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەیوەندییەکانی نێوانیان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکەن.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن، هاوکات پشتیوانیکردن لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکان.