رۆژنامەیەک: وەزیری دەرەوەی تورکیا بەهۆی هەڵسوکەوتێکەوە لە بلینکن توڕە دەبێت

K24 - هەولێر

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا "لەکاتی سڵاوکردن هەوڵیداوە هاوتا تورکەکەی لە باوەشی بگرێت، بەڵام وەزیرەکەی تورکیا هەنگاوی بۆ دواوە ناوە".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کاتی پێشوازیکردنی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەباوەش ناگرێت، ئەمەش دەنگۆیەکی زۆری لە تورکیا بەدوای خۆی داهێنا.

رۆژنامەی "حوریەت"ـی تورکی هۆکاری پشت ئەم رووداوە دیپلۆماسییە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هۆکاری رەتکردنەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ لە ئامێزگرتنی ئەنتۆنی بلینکن، پاساو هێنانەوەیە، بەهۆی نەبوونی هیچ "تاکتیکێک" لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە هیچ هەماهەنگییەکی نەبووە بۆ سەردانەکە.

رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی وەزیری ئەمەریکا گەیشتووەتە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، لەبەردەم دەرگای وەزارەتەکە وەستاوە، کە ئەمە پڕۆتۆکۆڵی پێشوازیکردنە لە هەر وەزیرێک کە سەردانی وڵاتەکە دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بلینکن راستەوخۆ لە ئۆتۆمبێلەکەی نەهاتووەتە خوارەوە، هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکە بووە و بە تەلەفۆن قسەی کردووە، وەزیری دەرەوەی تورکیاش چاوەڕێی کردووە، رەنگە ئەوە هۆکارەکە بێت، کە هاوتا ئەمەریکییەکەی لەباوەش نەگرتووە.

دوێنێ دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێکی لەناکاو سەردانی تورکیا کرد و لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا بۆ ماوەی 90 خولەک لەگەڵ هاکان فیدان کۆبوونەوە.