فازڵ بەشارەتی: هاوهەڵوێستی پارتی و یەکێتی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: من گەشبینم بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەروەها جددیاتیش لەکۆبوونەوەکەدا هەیە، هەر ئەمڕۆش بڕیاریان داوە شەڕی راگەیاندنی نێوان هەردوولا رابگیرێت.

فازڵ بەشارەتی، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، من گەشبینم بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، گوتیشی: هیوادارم ئەنجامی کۆبوونەوەکە جێگای دڵخۆشکەری خەڵکی کوردستان بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک رووداوی گرنگ هاتوونەتە پێشەوە بۆ کۆبوونەوەکە، پێشم وایە کۆبوونەوەکە لەکات و ساتێکی باشدا بەڕێوەدەچێت، جددیاتیش لەکۆبوونەوەکەدا هەیە، دەشڵێت: ئەمڕۆ بڕیاریان داوە شەڕی راگەیاندنی نێوان پارتی و یەکێتی رابگیرێت.

بەشارەتی گوتی: هەموومان دەزانین لێکترازانی ناو ماڵی کورد چ زیانێکی لێداوین، هەروەها ئەگەر پارتی و یەکێتی قسە و هەڵوێستەکانیان رێکبخەن، ئەوە لە 100% هەڵوێستی بەغدا دەگۆڕێت بەشێوازێک کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە بەغدا باش دەزانێت بەبێ هەرێمی کوردستان سیاسەتی پێ ناکرێت.

باسی لەوەشکرد، ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هاتووەتە پێش، دەشڵێت: ئێمە سەد ساڵە قوربانی لەپێناو کەرکووک دەدەین، بۆیە زۆر گرنگە پارتی و یەکێتی دەنگ و هەڵوێستیان یەک بێت تاوەکو بتوانن دەنگێکی باش لەو پارێزگایە بەدەست بهێنین تاوەکو زیاتر کوردستانی بوونی کەرکووک بسەلمێنین، ئەویش دەکەوێتە سەر ئاستی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی.

ئەندامەکەی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە، لە ساڵانی 2014 تا 2019 پارتی و یەکێتی یەک فراکسیۆن بوو لە پەرلەمانی کوردستان، کە توانیمان باشترین دەستکەوت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنین، لەناو ئەو هەموو ئاڵۆزیەی کە ئەویسترا دروست بکرێت، بۆیە ئەگەر ئـەو یەکیتی یەک بین بەغدا ناتوانێت ئەو هەموو بیانووە بە ئێمە بگرێت و یاری بە قوتی خەڵک بکات کە ئێستا پێمان دەکرێت.