سه‌عدی پیره: كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی هه‌نگاوی یه‌كه‌مه به ئاراسته‌ی دروستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان
K24 – هەولێر:
ئه‌مڕۆ پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی باڵادا له پیرمام كۆبوونه‌وه، گوته‌بێژی یه‌كێتیش ئاماژه به‌وه ده‌كات كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌رێنی بووه و له ئایینده‌دا ئه‌نجامه ئه‌رێنییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بینرێن، ده‌شڵێت كۆبوونه‌وه‌كه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه به ئاراسته‌ی دروستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 7ـی تشرینی 2023) سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24 پێشكه‌شی ده‌كات رایگه‌یاند، متمانه‌یان زۆره ئه‌م كۆبوونه‌وه و كۆبوونه‌وه هاوشێوه‌كانی ئه‌نجامی ئه‌رێنیان لێ بكه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه هه‌ردوو پارت له‌سه‌ر ئاستی باڵادا كۆبوونه‌وه. گوتشی، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ری كۆك و هاوڕابوون، هه‌ر له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگیریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ش به‌یه‌كه‌وه بتوانن پارێزگاری له قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پارتی و یه‌كێتی هاوڕا بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه و هاوكات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش پشتیوانی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه و شایسته‌كانی مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و گرنیگدان به ژیانی هاووڵاتییان به شێوه‌یه‌كی گشتی.
گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌رنجی بۆ خاڵێكی دیكه راكێشا، ئه‌ویش پرسی جه‌نگی غه‌ززه‌یه، كه ئه‌و پێی وابوو به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه له میسر تا به قه‌وقاز ده‌گات له كوڵاندایه و ناوچه‌كه ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پارتی و یه‌كێتی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێی ئه‌و بابه‌ته‌یان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تواناكان بخریته‌گه‌ڕ له‌پێناو پاراستنی گه‌لی كورد و رێگه‌گرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تییانه‌ی له رابردوودا به‌سه‌ریدا هاتووه.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره باسی له‌وه كرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و سێ بابه‌ته جێی بایه‌خ بوون و جه‌خت كرایه‌وه له‌سه‌ر هه‌نگاونانی جددی له‌پێناو جێبه‌جێكردنیان و هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بپارێزرێت.
گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، به‌ده‌ر له‌و سێ ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه، بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوو هه‌ڵگیراون، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه.
گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دووپاتیكرده‌وه پارتی و یه‌كێتی پێویستیان به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه، چونكه جگه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان هیچ ئاڵته‌رناتیڤێكی دیكه نییه بۆ ئه‌وه‌ی په‌نای بۆ ببه‌ن. هه‌روه‌ها گوتی، بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوو لیژنه له‌نێوان هه‌ردوولادا پێكده‌هێنرێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان.
سه‌عدی پیره له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتیشی، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌نگاوی یه‌كه‌مه به ئاراسته‌ی دروستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. روونیشیكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا ئه‌نجامه راست و دروسته‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه و كۆبوونه‌وه‌كانی دیكه به كرده‌یی نیشانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن.
جه‌ختیشیكرده‌وه پارتی و یه‌كێتی دوژمنی یه‌كدی نین، به‌ڵكو له رابردوو، ئێستا و ئایینده‌دا وه‌ك دوو هێزی سیاسی كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان وه‌ك ركابه‌ر ده‌مێننه‌وه و ئامانجیانه زۆرترین ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونیان هه‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییانی كوردستان.
دووباره سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشایه‌وه كه كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان هه‌ردوو حزب له‌نێوان هه‌ردوو تیمدا ده‌بێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی پۆلێنی تێبینی، گله‌یی و سه‌رنجه‌كان و كێشه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه. روونیشیكرده‌وه كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو له سلێمانی ده‌بێت.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه هه‌وڵ هه‌یه بۆ قۆستنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه و بچووككردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ناوبراو به پێویستی زانی پارتی و یه‌كێتی به كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌وڵانه ببنه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پشتگیریكردن له پرۆسه‌ی خوێندن و به‌دیهێنانی ماف و شایسته‌كانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵ بخرێته‌گه‌ڕ مافه‌كانیان به‌ده‌ست بگات و رێگه له دووباره‌بوونه‌وه و چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه بگیردرێت.
ئه‌مڕۆ له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له پیرمام، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌نجامدرا و دوای کۆبوونەوەکەش هەردوولا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی هەرێمى کوردستان و عێراق بەتایبەتى و، رەوشى هەستیارى ناوچەکە بە گشتى گفتوگۆیان له باره‌وه كرا. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هه‌ردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن و پێویستى كۆكردنه‌وه‌ی هێز و تواناى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و داڕشتنى ستراتیژیەتێکى هاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ رەوتى رووداو و گۆڕانکارییەکانى قۆناغه‌كه و رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌خت له پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرایەوە بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەى عێراقدا.
لە پیرمام کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی داوای نزیکەی پێنج کاتژمێر کۆتاییهات و دواتر لەسەر داوای نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، نێچیرڤان بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد.
لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆک بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ یەکێتی هەبوو. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بڕیارە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەردوولامان بگەینە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش.
نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند: "ئێمە وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌مان دیاریکردووە و هیوادارین لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت".
لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی دەکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، ئەم هێرشانەی کە دەکرێت پێشهاتێکی زۆر ترسناکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. گوتیشی: سەرۆکوەزیرانی عێراق نابێت بهێڵێت ئەم هێزانەی کە لە دەرەوەی یاسان کێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکەن، هەروەها بەردەوامبوونی ئەو جۆرە کارانە نە یارمەتی عێراق دەدات، نە دروستیشە ئەنجامبدرێت و لە بەرژەوندی هیچ لایەکدا نییە.