بلومبێرگ: دۆناڵد ترامپ لەوەتەی کۆشکی سپی جێهێشتووە سامانەکەی زیادی کردووە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی پێوەرەکانی بلومبێرگ بۆ ملیاردێران، سەروەت و سامانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گەیشتووەتە 3.1 ملیار دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2021ەوە کۆشکی سپی جێهێشتووە، سەروەت و سامانەکەی 2.6 ملیار دۆلار بووە.

هەر بەگوێرەی بلومبێرگ، لێتیسیا جەیمس داواکاری گشتی نیویۆرک، داوای یاسایی بە تۆمەتی ساختەکاری لەسەر ترامپ تۆمارکردووە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزا بە سەدان ملیۆن دۆلار و لەدەستدانی هەندێک لە بەناوبانگترین موڵکەکانی.

گواستنەوەی ترەمپ بۆ فلۆریدا، دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، هاوکات بوو لەگەڵ بووژانەوەی ئەو ویلایەتە کە سەرچاوەی دارایی دوو لە بەناوبانگترین موڵکەکانی بەرزکردەوە، کە بریتین لە مار ئا لاگۆ لە پاڵم بیچ و هاوینەهەواری دۆرال لە میامی.

هەروەها نرخی یاریگاکانی گۆڵفی سەر بە کۆمپانیاکانی ترامپ لە ساڵی 2019ەوە زیاتر لە %50 زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵێکی بلومبێرگ، دوای فرۆشتنی هۆتێلەکەی لە واشنتن و دانەوەی قەرزەکانی، ترامپ پارەی زیاتری هەیە و هێڵی کاریگەری کەمتری هەیە لە چاو هەر کاتێکی دەیەی ڕابردوودا.

ئێریک ترەمپ، کوڕی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، کە وەک جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری رێکخراوی ترامپ کاردەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "ئێمە نەختینەیی زیاترمان هەیە و قەرزی کەمترمان هەیە، ئێمە لە شوێنێکی نایابداین".

لە بەیاننامەی باری دارایی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 کە لە چوارچێوەی داواکارییەکەدا تۆمارکراوە، سامانەکەی 4.5 ملیار دۆلارە، بە بەردەوامی هەژمارکردنەکانی بلومبێرگ کەمترن لەو ژمارانەی کە ترەمپ پێشکەشی کردووە.