کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیپێکرد

K24 – بەغدا

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیپێکرد و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت: هیچ بەربەستێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

حەسەن هادی، ئەندامی لیژنەی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆمسیۆن هەنگاوی باشی ناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە کۆدەبینەوە".

گوتیشی: "تائێستا هیچ بەربەستێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کارکردن لە تۆماری دەنگدەران بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەک نییە، بەشێکی زۆری کارەکانمان تەواو کردووە".

دوێنێ 7/11/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتە بەغدا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و سەرجەم لایەنەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی رێکاری پێویست.