ژمارەیەک گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد، ژمارەیەک بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون کە ئەندامی سێ تۆڕی گەورەی ماددەی هۆشبەرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 09-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەزار دەنکە حەبی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و ژمارەیەک بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانیش دەستگیرکراون کە ئەندامی سێ تۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکانن و، بەهۆی دەستگیرکردنیان تۆڕەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ سەرجەم چالاکییەکانیان، پێشتر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە وەرگیراوە و رێکارە یاساییەکان گیراونەتەبەر، تەواوی تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی یاسا کراون.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە چالاکییەکانیان بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددەی هۆشبەرەکانی عێراق، دوای ئاڵوگۆڕی زانیاری توانیویانە دەست بەسەر 160 کیلۆگرام حەبدا بگرن.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی گەڕان و پشکنین لە کافتریا و رێستورانتەکان، ئەرکان بیبانی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان گوتی: "تیمەکانمان بۆ رێگریکردن لە ماددەی هۆشبەر بەردەوام کافتریا و رێستورانتەکان بەسەر دەکەنەوە، ئەو کەسانەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە ماددەی هۆشبەر بەکاربێنن پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێکمان نەبووە لە کافتریا و رێستورانتەکان تۆمار کرابێت".

جەختیشی کردەوە، هەموو دەرمانخانەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێ بەپێی رێنمایی و یاساکان دەرمانەکان بفرۆشرێن و مامەڵەیان پێوە بکرێت، نابێ بەبێ پزیشک هیچ دەرمانێکی پزیکشی هۆشبەر بە هیچ کەسێک بدێت.

هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا ئەحمەد زەرکانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەدا، کار لەسەر ئەوە دەکەن، لە هەموو شارەکانی عێراق سەنتەری شیاندنەوە بۆ ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر بکرێنەوە.