ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه له 11 هه‌زار نزیك ده‌بێته‌وه
K24 – هەولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه كه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینییه‌وه بەڕێوه‌ده‌برێت، رایگه‌یاند، تا دێت هێرشه‌كانی سه‌ر ناوچه جیاوازه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه چڕتر ده‌بنه‌وه و ژماره‌ی كوژراوانی روو له به‌رزبوونه‌وه‌یه.
به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌زه، تا ئێستا ژماره‌ی كوژراوان له هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه گه‌یشتووه‌ته 10 هه‌زار و 812 كه‌س.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی باكووری غه‌ززه له‌سه‌ر داواكاری ئیسرائیل ناوچه‌كانی به‌ره‌و باشوور چۆڵ كردووه و شه‌پۆلی ئاواره‌بوون به‌رده‌وامه، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه ئیسرائیل ناوچەکانی باشووریش بۆردومان ده‌كات، كه پێشتر وه‌ك ناوچه‌ی ئارام بۆ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ی دیاریكردبوون.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
هەروەها ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، باشترین سیناریۆ کە پێویستە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بدەین و گرنگە بۆ پێدانی هیوا بە گەلی فەڵەستینی، ئەویش دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی فەڵەستینییە لە کەرتی غەززە، دوای کۆتاییهاتنی جەنگ.
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ماوەی راگوزەری لە داگیرکردنی ئیسرائلییەوە بۆ داهاتوو دیاری‌بکرێت و چەندین لایەنیش دەتوانن رۆڵی بەرچاو لە ناوچەکە بگێڕن لەوانەش، ئەمەریکا.
ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو هەنگاوەی بە دەستپێکی دانوستانی جددی وەسفکرد بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکە، ئەویش دامەزراندنی دوو دەوڵەتە، و ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار کارەساتەکان دەبنە توانا بۆ چارەسەری کێشەکان.