دانیشتووانی ناوچەی کوەیریشی بەغدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە نیگەرانن

ناوچەی کوەیریشی سەر بە بەغدای پایەتەخت
ناوچەی کوەیریشی سەر بە بەغدای پایەتەخت

K24 – هەولێر:

دانیشتوانی ناوچەی کوەیریشی سەر بە بەغدای پایتەخت، لە ساڵی 2003ـەوە لەناو رەوشێکی خراپدا دەژین، هیچ خزمەتگوزارییەک نییە و هیچ دەزگایەکی حکومی ئاگای لە باری خراپی خەڵکی ئەو ناوچەیە نییە، هاووڵاتییانیش وەکو خۆیان دەڵێن، تەنیا چاوەڕوانیان بۆ ماوەتەوە. چاوەڕوانیی دەستێک بتوانێت لەو واقعە سەختەی ژیانیان رزگاریان بکات.

رەوشەکە بە جۆرێکە، پێویستی بەوەنییە وشەکان باسی ژیانی خەڵکی ناوچەی کوەیریشی بەغدای پایتەخت بکەن، ناڕەزایەتی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە شکستی ئەو کەسانە دەردەخەن کە لە خزمەتگوزاری ئێرە بەرپرسن.

عەلا عەبد، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خەڵکی کوەیریش خەم و مەینەتییەکانیان زۆرن، لەلایەن شارەوانیشەوە بەئەنقەست پشتگوێخراوون، ئەگەر کەمێک باران ببارێت، ئیتر رێگەنابێت بێینەدەرەوە، مەترو نیوێک ئاو بەرزدەبێتەوە و 106 قوتابیشمان لەناو یەک کەرەڤانەدا دەخوێنن، هەر شەش قوتابیش لەسەر یەک کورسی دادەنیشن". 

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی حسێن عەباس، دانیشتووی ناوچەی کوەیریشە، ئاماژەی بەوەدا،"ئەم ناوچەیە وێرانەیە، هیچ خزمەتگوزارییەک نییە، تەنانەت قوتابخانەشمان نییە، تەنیا کەرەڤانە هەیە، رەوشەکەمان زۆر سەختە".

کەمی خزمەتگوزاییەکان و زۆری گۆمی وەستاو لەم ناوچەیەدا، بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی بەتایبەتی لەناو ژن و منداڵەکاندا .

دایکی حەیدەر، هاووڵاتی بۆ کوردستان24 باسی لە خەم و ئازارەکانی کرد و گوتی: "من بۆخۆم ئێستا نەخۆشم، هەستیارییەکی زۆرم هەیە، بەهۆی بۆنە ناخۆشەکانەوە زۆربەی جاران دەمامک دەبەستم، هەتا کەی ئێمە لەو رەوشە خراپەدا بین".

هەتا ئەمڕۆش خەڵکی ئەم ناوچەیە هەر لە چاوەڕوانی فریادڕەسیکدان بێت و لەو ژیانە سەختە و نەبوونی خزمەتگوزاریی رزگاریان بکات، کە هیچ لە حکومەتەکانی عێراق تا ئێستا ئاوڕی لێ نەداونەتەوە .