دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریا سێ هەزار کورد بێسەروشوێن بوون

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریا تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 150 هەزار کەس بێسەروشوێن بوون و لەو ژمارەیەش نزیکەی سێ هەزار کورد هەن.

رۆژی هەینی، 10-11-2023، لە زانکۆی لۆڤنی بەلجیکا، کۆنفرانسێکی تایبەت بەو کەسانەی لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیی سووریا ونبوون بەڕێوەچوو.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریا تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتیی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن و لەو ژمارەیەش نزیکەی سێ هەزار کورد هەن.

فارووق داود، کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە و لەساڵی 2014 پاش هێرشی داعش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان؛ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستا بەدوایدا دەگەڕێن. ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بەلای فاروقەوە گرنگن بە مەبەستی دۆزینەوەی ونبووەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا.

 فاروق ئاماژە بەوە دەدات، لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2014، ئامۆزەکەی ونبووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. ئەو، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کار بۆ دۆزینەوەی ئامۆزەکەی بکەن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، تا ئێستا نازانن زیندووە یان مردووە.

جێرمی سارکین، کە مامۆستای زانکۆیە، باس لەوە دەکات، ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکە بۆ باسکردنی پڕۆسەی گەڕان بەدوای ونبووەکاندا و ئەو کێش و ئاڵنگارییانەی دێنە بەردەمیان. دەشڵێت، "ئەم پڕۆسە مرۆییە، بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەیە کە زیندوون و شوێن بەزرن، تاوەکو بگەڕێندرێنەوە نێو کەسوکاریان. ئەوانەشی مردوون، تەرمەکانیان بۆ کەسوکاریان بگەڕێندرێتەوە".