دكتۆرێک: سێ سەد نەخۆشی بەهۆی دەرهاویشتەی خۆراكەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە

K24 - هەولێر

پشكێنەرێكی نێودەوڵەتی بۆ سەلامەتی خۆراک رایگەیاند، هاووڵاتیان لە رێگەی شێوازی ژیانیانەوە دەتوانن گرنگی بدەن بە سەلامەتی خۆراك و چیتر گلەیی لە کاڵاکان نەکەن، کە بازرگانان هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن، ئەوەی نەخۆشی دەگوازێتەوە پیسی و گرنگینەدانی هاووڵاتیانە بە تەندروستی خۆیان و لەم نێوەندەشدا شێرپەنجە گەشە دەکات و تووشبوون بە نەخۆشیه درێژخایەنەکان روو لە زیادبوون دەکەن.

دكتۆر ئەركان مەنوچەهر پشكێنەری نێودەوڵەتی بۆ سەلامەتی خۆراك لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ كوردستان24 دەڵێت: سەلامەتی خۆراك تەنیا نە بەستراوە بە حکومەت و بازرگانی خۆراک، بەڵکو هاووڵاتیان لە رێگەی شێوازی ژیانیانەوە دەتوانن گرنگی بدەن بەسەلامەتی خۆراك.

كوردستان 24: بەپێی رێكخراویی تەندروستی جیهانی ئەو نەخۆشیانە كامانەن بەهۆیی دەرهاویشتەی خۆراكەوە مرۆڤ توشی دەبێت؟

دکتۆر ئەركان مەنوچەهر: زیاتر لە سێ سەد نەخۆشی بەهۆی دەرهاویشتەی خۆراكەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە بۆ نموونە نەخۆشیەكانی سكچوون و رشانە و سەرئێشە تا دەگاتە نەخۆشیە قورسەكانی وەك دڵ و گەدە و شێرپەنجە.

كوردستان 24: دۆخی سەلامەتی خۆراك لە هەرێمی كوردستان لەچی ئاستێكدایە؟

دکتۆر ئەركان مەنوچەهر: لەهەرێمی كوردستان هاوردەكردنی خۆراك بەپێی كۆمەڵێك رێنمایە، سەلامەتی خۆراك بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا جێ بەجێ دەكرێت کە خۆراك دەهێننە هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆر بەداخەوە كۆمپانیاكانی ناوخۆ بڕوانامەی سەلامەتی خۆراك "ئایزۆ"یان نی یە ئەمەش بۆتە هۆكارێك تا  یاسای سەلامەتی خۆراك لەهەرێم گرفتی هەبێت.

كوردستان 24: باس لەوە دەكرێت یاسایی سەلامەتی خۆراك ناڕوونە بۆچی؟

دکتۆر ئەركان مەنوچەهر: بەڵێ، راستە یاسایی سەلامەتی خۆراك لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی بازرگانیدا دیار نیە، دەبێت ئاژانسێك هەبێت لە نێوان ئەم سێ وەزارەتەدا، لە ئێستاشدا رەشنوسی ئەو پڕۆژە یاسایە بەناوی ئاژانسی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی خۆراك و دەرمان دەستی بەكارەكانی كردووە.

كوردستان 24: بۆچی سەلامەتی خۆراك گرنگە لەژیانی رۆژانەماندا؟

د ئەركان مەنوچەهر: تەندروستی و ژیانی رۆژانەی زۆرێك لە مرۆڤەكان لەجیهاندا بەباش بێت یان خراپ بەهۆی دەرهاویشتەی خۆراكەوە دیاری دەكرێت، خەڵكانێكی زۆر ساڵانە لە جیهاندا بەهۆی خراپی خۆراكەوە گیان لەدەستدەدەن، بەهۆی خراپی خۆراكەوە بەشێكی زۆر لەئابووری وڵات لەدەست دەچێت، هەربەو هۆیەوە سەلامەتی خۆراك هێندەی ئاسایشی نیشتمانی گرنگە بۆ هاوڵاتیان.

كوردستان 24: دەكرێت هەموو سەلامەتی خۆراك وابەستەبكرێت بە وڵاتەوە یان نا؟

دکتۆر ئەركان مەنوچەهر: سەلامەتی خۆراك گشتگیرە، وا باشە هاووڵاتیان خۆیان گرنگی بدەن بە ژیانی رۆژانەیان، كە ئەویش بریتیە لە شێوازی ژیانكردن وەك پاك و خاوێنی رۆژانە لە ماڵەوە یان خواردنگە تا دەگاتە پاوكوخاوێنی لەگواستنەوەی خۆراك لە كارگەكاندا.