سه‌در داوا له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ده‌كات سوپاكانیان بخه‌نه حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه
K24 - هەولێر:
له‌دوای به‌یاننامه‌ی كۆتایی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ستایشی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه كرد، كه ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیلیان بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه كرد و 10 پێشنیازیشی بۆ ئه‌و وڵاتانه كردووه.
موقتەدا سەدر، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) تویته‌ری پێشوو، ستایشی بەیاننامەكەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی كرد، كە لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو.
سەدر چەند پێشنیازێكی ئاراستەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد، دیارترینیان داوایه‌كه بۆ ئه‌و وڵاتانه، كه سوپاكانیان بخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بایكۆتی ئابووری سەرتاسەری ئیسرائیل بكه‌ن.
له پێشنیازێكی دیكه‌ی سه‌در بۆئه‌و وڵاتانه‌دا هاتووه: ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان بناسێنرێت و ناردنی نەوت بۆ ئیسرائیل رابگیرێت.
داواشیكردووه باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل دابخه‌ن و خۆپیشاندان له‌پێناو غه‌ززه سازبكه‌ن.
پێشتریش رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوا له وڵاتانی دراوسێی فه‌ڵه‌ستین كردبوو، رێگه بده‌ن، هاوكاری مرۆیی بگه‌یینه دانیشتووانی غه‌ززه.
دواشیكردبوو، رێگه بده‌ن ناڕه‌زایی ملیۆنی له‌سه‌ر سنووری فه‌ڵه‌ستین، ئه‌نجام بدرێت.
بەرەبەیانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر، بزووتنه‌وه‌ی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، بەگوتەی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 11 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 27 هەزار کەسی دیکە.