شرۆڤەکارێکی سیاسی: دەبێت یاسایی نەوت و گاز لەگەڵ دەستووری عێراق بگونجێنرێت

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، دۆسیەی نەوت و گاز یەکێک لەو بابەتانەی کە لە عێراقدا دەبێت بە فیدراڵی بکرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بە یاسا مەرکەزییەکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

دڵشاد نامیق، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند: دۆسیەی نەوت و گاز یەکێک لەو بابەتانەی کە لە عێراقدا دەبێت بە فیدراڵی بکرێت، هەروەها لە هەژموونی دامەزراوە مەرکەزییەکان دەربهێنرێت، دەبێت بگونجێنرێت لەگەڵ دەستووری عێراق.

گوتیشی: بابەتی نەوت و گاز بەشێکی گرنگی سەرچاوەی داهاتی عێراقە بەگشتی و بەهەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بە یاسا مەرکەزییەکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە یاسایی نەوت و گاز ئەو رێگایەیە کە بابەتەکەی لێوە چارەسەرەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەو بابەتە بە جددی وەرنەگیراوە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو گرفتانەی کە لەرابردوودا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیدا هەبووە، پەیوەندی هەبووە بەو مامەڵەکردنەی حکومەتی عێراق و پشتگوێ خستنەی بابەتی بە فیدڕاڵی کردنی داهات و نەوت و گازەوە، هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربووە بۆ خۆی یاسایی نەوت و گاز دەربکات، خۆی تاکلایانە مامەڵە لەگەڵ داهاتی سروشتی خۆی بکات.

دەشڵێت: دوای رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دوای کشانەوەی رەوتی سەدر و ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە لەو وڵاتە، دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە کە رێککەوتنێک کراوە، یاسایی نەوت و گاز لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا دەربچێت، کە پێکهاتەکانی حکومەتی عێراقی هەموویان لەسەر ئەو یاساییە کۆک بن.

شرۆڤەکارەکە جەختیکردەوە، یاسایی نەوت و گاز بابەتێکی گرنگە بۆ عێراق وەک وڵات، ژیان و گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی وڵاتی عێراق، وابەستە و پابەندە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سامان و داهاتی خۆی کە نەوت سەرەکیەکەیەتی.

باسی لەوەشکرد، یاسایی نەوت و گاز یەکێک لەو یاساییانەیە کە رەهەندی نیشتیمانی هەیە، پێویستە ئەم یاساییە هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە چوارچێوەی عێراقدا ئەژین، گەشەنەکردنی دامودەزگاکانی فیدڕاڵی و دەرنەکردنی یاسا فیدڕاڵییەکان لە عێراق، وای کردووە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پەکی بکەوێت.

سەبارەت بە داهاتی کەرکووک گوتی: کەرکووک یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە پێنج ساڵە بەتەواوی لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی حکومەتی عێراقدایە، ئەبینی مامەڵە کردن بە داهاتی کەرکووک بۆ خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی لەو ئاستە نییە کە شارێکی دەوڵەمەندی وەکو کەرکووک هەیەتی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12/11/2023، حەیان عەبدولغەنی وەزیرى نەوتى عێراق، بە یاوەری شاندێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.

پێشتر پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، "ئەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران بووە، تاکو بێنە ئێرەو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکان پێکەوە چارەسەر بکەن".

رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیاش رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت.