پسپۆڕێکی نەوت: هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان بەردەوامبێت تێچووی بەرهەمهێنانیشی زیاتر دەبێت

کێڵگەیەکی نەوت
کێڵگەیەکی نەوت

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی نەوت و گاز رایدەگەیەنێت، گرنگە لە ئاییندەیەکی زوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێت، چونکە دۆخەکە ئاوا بەردەوام بێت، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دەبێت.

د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی نەوت و گاز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوە دراوە، دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک 24 دۆلارە، تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێکیش هەشت دۆلارە. ئەمەش بەهۆی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گواستەنەوەی دەکەن، چونکە کۆمپانیاکان حکومی نین، تایبەتن و زۆرینەیان بیانین".

ئەو پسپۆڕە گوتی، "کۆمپانیاکان وەبەرهێنانێکی زۆریان کردووە لە ژێرخانی پیشەسازی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت بەم نرخەیە. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ کێڵگە نەوتییەکانی عێراق، تێچووەکە زۆر کەمترە. لە هەمانکاتدا لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی عێراقیش، تێچووەکە رەنگە بۆ هەر بەرمیلێک 25 بۆ 30 دۆلار بێت  واتە ئەو نرخەی کە دیاری کراوە بۆ هەرێم زۆر نییە بەرامبەر پێوەرە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت".

ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت زۆرتر دەبێت و مەترسیی لەسەر کێڵگەکان دروست دەبێت. لە عێراق نزیکەی 70 بۆ 80 ساڵە ئەو کێڵگانە هەن و مەترسییان لەسەر نییە و هەموویان بەتەواوی پشکنینیان بۆ کراوە".

پسپۆڕەکە دەشڵێت، "جێی داخە لە یاسایی بودجەی گشتیی عێراق نرخێکی کەم بۆ وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم کە نزیکەی 12 دۆلاریان داناوە بۆ گواستنەوەش نزیکەی حەوت دۆلار. ئەم ژمارانە راستی نین. لەوانەیە کۆمپانیایەکی حکومی بەو تێچووە دەرهێنانی بکردایە، بەڵام چونکە کۆمپانیاکان بیانین نیوەی نرخە راستییەکەیە".

روونیشیکردەوە، "هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێت تێچووی کۆمپانیاکان بدرێت، تاکو بتوانن بەردەوامبن لە کارەکانی خۆیان، ئینجا ئەو 400 هەزار بەرمیلە بۆ ناوخۆی عێراق بێت یان بۆ هەناردەکردن بێت".

گۆڤەند شێروانی ئاشکراشیکرد، "نزیکەی ساڵێکە ئەو کۆمپانیانە مافی خۆیان لە حکومەت وەرنەگرتووە، حکومەت قەرزارییانە و دەبێت ئەوەش یەکلابکرێتەوە. بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، دەبێت ئێستا هەموو ئەوانە لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵ بێت، تاکو شایستە داراییەکان جیابکاتەوە لەگەڵ شایستە دارایی کۆمپانیاکان".

زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، رۆژی 25ـی ئاداری 2023، عێراق سکاڵاکەی تورکیای بردەوە و تورکیا بە پێدانی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت سەردانی گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.

ئامادەکردن: لاڤین عومەر