لە هەولێر ڤیزای وڵاتی چین بە هاووڵاتییان دەدرێت

K24 – هەولێر

لەمیانی کۆبوونەوەیەکی نێوان پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان راگەیاندرا، هەموو ئامادەکاریەککراوە لە سەرى ساڵى نوێوە لە هەولێر کاروبارى پێدانى ڤیزاى چین لە کونسڵخانەى هەولێر بە هاووڵاتییان بدرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 12/11/2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە  لیۆ جیۆن، کونسڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى ئەندازەیى پارک و باخچەکانى هەولێر ئامادەى بوون، کونسڵی گشتیی وڵاتی چین، ستایشی ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانەى کرد کە لە هەولێرى پایتەخت هاتووەتە ئاراوە و ئاماژەى بەوەدا لە هەولێر وەک شارێکى مێژووى و دێرین هەست بە ئاسودییەکى زۆر دەکەن، ئومێدیشى خواست ئەو دۆستایەتیە لە مێژینەى نێوان کورد و چین و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتەکەى لە هەموو بوارێکى (بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشت و گوزاریی) پەرەی زیاتریان پێبدرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، جگە لە باسکردن لە رێکارەکانى پێدانى ڤیزاى وڵاتى چین کە لەلایەن کونسڵخانەى ئەو وڵاتەوە، هەموو ئامادەکاریەککراوە لەسەرى ساڵى نوێوە لە هەولێر کاروبارى پێدانى ڤیزاى چین لە کونسڵخانەى هەولێر بە هاووڵاتییان بدرێت، گفتوگۆ لە بارەى پڕۆژەى دروستکردنى پارێکێکى گەورە کرا کە لە منزیکانە بەدیزاێنێکى سەردەمیانە و لەسەر شێوازى چینى و بە رووبەرى (15 هەزار مەتر چوارگۆشە) لەلایەن کونسڵخانەى چین و بە سەرپەرشتى پارێزگاى هەولێر دەست بە دروستکردنى دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە دەستنیشانکردنى چەند شوێنێک بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر، سوپاسى ئەو هەنگاوەى کونسڵخانەى چینى کرد و کارەکەى بەرزنرخاند کە لە داهاتوودا دەبێت بە یادگار و دیارییەکى جوانى وڵاتى چین بۆ هەولێرى پایتەخت، ئەو جگە لەوەى دروستکردنى ئەم پارکە دەبێت بە پاڵپشت و هاوکار بۆ ژینگەیەکى تەندروست و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە شارى هەولێر.

پاشان کونسڵى گشتیى وڵاتى چین، بە فەرمى پارێزگارى هەولێرى بانگهێشتکرد بۆ سەردانیکردنى وڵاتى چین و پارێزگاکانى وڵاتەکەى و خواستى ئەوەى نیشاندا کە هەولێر پایتەخت ببێت بە دەستەخوشکى یەکێک لە پارێزگاکانى وڵاتەکەى، لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر داوەتەکەى کونسڵى چینى قەبوڵکرد و هیواى خواست لە نزیکترین دەرفەتدا بتوانرێت رێککەوتنى دەستە خوشکى هەولێرى پایتەخت لەگەڵ یەکێک لە پارێزگاکانى وڵاتى چین واژووبکرێت.

،
.