محەممەد جەواد: پڕۆژەی 'راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام' هەموو شەقامەکانی  هەولێر دەگرێتەوە

محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی ئۆن ستریت پارکینگ
محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی ئۆن ستریت پارکینگ

K24 - هەولێر

بەرپرسی پڕۆژەی 'راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام' رایدەگەیەنێت، پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر جێبەجێ دەکرێت و دواتر هەموو شەقامە سەرەکییەکان دەگرێتەوە. دەشڵێت، "رۆژانی هەینی پارە لە شۆفێران وەرناگیرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام، لە شارەوانی یەکی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پڕۆژەی وەرگرتنی پارە لە شۆفێران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام؛ هەموو شەقامە سەرەکییەکانی شاری هەولێر دەگرێتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر شەقامی 60 مەتری جێبەجێ دەکرێت".

محەممەد جەواد ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، دەستمان کردووە بە هێڵکاریکردنی شەقامەکان و دانانی هێماکان. لە قۆناغی دووەمیشدا، بۆ ماوەی مانگێک دەست دەکەین بە رێنوێنیکردنی شۆفێران لە چۆنیەتی راگرتنی ئۆتۆمبێل و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ تاوەکو شۆفێران ئاشناییان هەبێت بە پڕۆژەکە نەک دەستبەجێ بێنە نێو پڕۆسەی پارەدارکردن و سزادان".

 

 

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا پڕۆژەکە سوودی چییە بۆ هاووڵاتییان؟" محەممەد جەواد گوتی، "پڕۆژەکە بریتییە لە رێکخستنی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام، شۆفێران لە سزادان دەپارێزێت و رێگریش دەکات لە وەستانی دوو ریز و سێ ریزی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقام کە دەبێتە هۆی جەنجاڵی هاتووچۆ بەتایبەت لەکاتی ئێواران یان تەواوبوونی دەوامی فەرمی. هەروەها هەلی کار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت".

لەبارەی ئەوەی کەی پڕۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت، بەرپرسی پڕۆژەکە ئەوەی خستەڕوو، "لە قۆناغی یەکەمدا لە رێگەی پسوولە و سیستەمێکی ئامادەکراوەوە پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت. دواتر سیستەمەکە پەرەی پێ دەدرێت و دەکرێتە ئەپڵیکەیشنێک؛ شۆفێران دەتوانن لەناو مۆبایلی خۆیان و لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە شوێن بگرن بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلەکانیان و پارە بدەن".

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی لە شۆفێران وەردەگیرێت، ناوبراو رایگەیاند، "لە رۆژانی شەممە تاوەکو پێنجشەممە، لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 11:00ـی شەو پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت. بۆ کاتژمێری یەکەم، 500 دینار؛ کاتژمێری دووەم، هەزار دینار و بۆ کاتژمێری سێیەمیش 1500 دینار لە شۆفێران وەردەگیرێت". گوتیشی، "رۆژانی هەینی بێ بەرامبەرە و پارە لە شۆفێران وەرناگیرێت".