سەرچاوەیەکی ئەمنی میسری: 500 هاووڵاتیی بیانی لە غەززەوە گواسترانەوە بۆ میسر

غەززە
غەززە

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەکی ئەمنی میسری رایگەیاند، 500 هاووڵاتیی کە هەڵگری پاسپۆرتی بیانین و لەگەڵ ژمارەیەکیش لە بریندارانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە گواسترانەوە بۆ میسر، هاوکات سەرچاوەیەکی فەڵەستینیش ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی میسری پشتڕاستی کردەوە کە "تا ئێستا 500  هاووڵاتیی کە هەڵگری پاسپۆرتی بیانین لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە گەیشتوونەتە خاکی میسر".

هەروەها دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند، ئەمڕۆ دەروازەی رەفەح دەبێتەوە و هاووڵاتییانی کەرتی غەززە دەتوانن لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە شارەکەیان بەجێبهێڵن.

دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان داوای لە گەشتیاران کردووە " کە هەڵگرانی پاسپۆرتی بیانی کە لە لیستی گەشتەکاندا هاتووە" بچنە ئەو دەروازەیەی کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە و دەچێتە بیابانی سینا لە میسر.

لە 1ی تشرینی دووەمەوە، دەیان فەڵەستینی بریندار بۆ نەخۆشخانەکانی میسر گواستراونەتەوە. هەروەها سەدان هاووڵاتیی هەڵگرانی رەگەزنامەی بیانیش رۆیشتوون، لەوانە ئەمەریکی، فەرەنسی، رووسی و پۆڵەندی.

 دەروازەی رەفەح کە تاکە دەروازەی کەرتی غەززەیە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ نەکراوە، رۆژانی هەینی و شەممە داخرا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کە بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامە لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار و 78 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە چوار هەزار و 506 کەسیان منداڵن.

هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل،  لە 7ـی ئۆکتۆبەر لەئەنجامی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، لەلایەکی دیکەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 42 سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراون.

هاوکات سوپای ئیسرائیل مەزەندە دەکات 240 ئیسرائیلی بە بارمتە گیرابن لەناو کەرتی غەززەدا، ئەمەش دوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل.