ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل

K24 - هەولێر

رۆژنامەی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، کە ئەمەریکا هۆشداری داوەتە وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی هێرشی چەکداری حزبوڵڵا لە سنوورەکانی لوبنان.

رۆژنامەکە رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، لەگەڵ یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هۆشداری داوە لە پەرەپپێدان چەک و جموجۆڵی هێزە چەکدارەکانی حزبوڵڵا لە سنوورەکانی لوبنان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات، چونکە بە بڕوای نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش، ئیسرائیل هەوڵی ئەوە بدات حزبوڵڵا هەراسان بکات و پەلکێشی شەڕی بکات، بۆ ئەوەی شەڕەکە فراوان بێت و بگاتە لوبنانیش ئەوەش دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی هەرێمی.

هەر بەپێی زانیارییەکان رۆژنامەکە، هەروەها وەزیری بەرگری ئەمەریکا، داوای لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی کردووە، خۆی بە دوور بگرێت لە شەڕی هەمەلایەنە لەگەڵ حزبوڵڵا.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل،  لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە ئەنجامی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، لەلایەکی دیکەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 42 سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراون.

هاوکات سوپای ئیسرائیل مەزەندە دەکات 240 ئیسرائیلی بە بارمتە گیرابن لەناو کەرتی غەززەدا، ئەمەش دوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل.

ئا: لاڤین عومەر