وەزیری پلاندانان: کابینەی نۆیەم سەرچاوەکانی ئاوی زیادکردووە

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پلاندانان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەم دەیان بەنداو و پۆندی دروستکردووە بەمەبەستی زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆکردنەوەی ئاوی باران و کانیەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌كانى پڕۆژه‌ى (رووپۆش و به‌كارهێنانى زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان)، رایگەیاند: "جێگەی داخە لە ناوچەکەمان کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی، چەند ساڵێکە تووشی بەرکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە".

دارا رەشید ئەوەشی خستەڕوو، "وەکو وەزارەتی پلاندانان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کەمی داهاتەکان و كێشەی جۆراوجۆر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە رووی داراییەوە، کارمان کردووە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک و پۆند لەو شوێنانەی دەکرێت تێیاندا دروست بکرێن، لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆکردنەوەی ئاوی باران و کانیەکان تا بەفیڕۆ نەچن".

بە گوتەی وەزیری پلاندانان، "وشکەساڵی یەکێکە لە دیاردە مەترسیدارەکان کە پێویستە رێگەی زانستی گونجاو بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی، تاوەکو ئاییندەمان و ئاییندەی نەوەکانمان لە هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێر بارودۆخێکی نەخوازراو".

دارا رەشید ئاماژەی بەوەش کرد، "بەداخەوە ئێستا لە باشووری عێراق سەدان خێزان بەهۆی وشکەساڵی تووشی گرفتی گەورەبوون و ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ شوێنی دیکە و، لەوە ناچێت ئەم کۆچە ناچارییە بەم نزیکانە بوەستێت".

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژینگەی وەكوو پرسێكی ستراتیجی و گرنگی هەرێمی كوردستان هەژمار كردووە و لەڕووی هۆشیاری و پەروەردەیی و یاسایی، بەردەوام كار بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و گەشەپێدانی دەكات. ئەمە جگە لە بەشدارییە نێودەوڵەتییەكانی ئەو بوارە و بەشداریكردن لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوای جیهان وەكوو هەڕەشەیەكی فرەڕەهەند لەسەر وڵاتان.

كابینەی نۆیەم كابینەی پاراستنی سەرمایەی ژینگەییە

لەبارەی ڕوانگەی كابینەی نۆیەم بۆ پرسی ژینگە، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: "لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا، لە بەشی خزمەتگوزارییەكاندا، بایەخێكی زۆر بە بواری ژینگە دراوە". دەشڵێت: "ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە. لەبەر ئەوە دەبینین لە هەرێمی كوردستان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوامان هەیە، بە سەرۆكایەتیی دەستەی ژینگە و هەموو وەزارەتەكانی هەرێم، لیژنەی تەكنیكی و هونەری هەن كە شارەزان لەو بوارەدا؛ خۆشبەختانە مانگی ڕابردوو سەرۆكایەتیی دیوان لە ئەنجوومەنی وەزیران، تیمێكی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوای دامەزراند، كە وەزیرەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا و دەستەی ژینگە تێیدا ئەندامن، تیمێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێیدا ئەندامە و بەردەوام كار بۆ ئەو ئامانجە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان بچێتە ناو قۆناغی تەواوەتیی پاراستن و پێشكەوتنی ژینگەییەوە."

عەبدولڕەحمان سدیق، گرنگترین هەنگاوەكانی بەرەنگاریی گۆڕانی كەشوهەوای لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو و گوتی: "لە بواری كارەبادا بەرهەمهێنانی كارەبامان بە دوو ڕێگەیە، سەدا 80ی ئەو كارەبایەی بەرهەمی دەهێنین بە گازی شلە و وازمان لە نەوتی ڕەش هێناوە، هەروەها كارەبا لە سێ ناوچەی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی غازی هاوەڵەوە بەرهەم دەهێنین. كاتێك نەوت دەردەهێنین، غازێك دەردەچێت و دەسووتێت، لە عێراقدا تا ئێستا بەفیڕۆ دەڕوات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان توانیومانە بۆ وزە بیگۆڕین و كارەبای لێ بەرهەم بهێنین."

دەشڵێت: "لە بواری ڕووبەری سەوزایی، لەو ڕاپۆرتەدا كە پێشكەشی ڕێككەوتننامەی پاریس كراوە، عێراق دانی بەوەدا ناوە، كە هەرێمی كوردستان شتێكی داهێناوە، ئەویش ئەوەیە هەموو پرۆژەیەك دەبێت سەدا 25ی پرۆژەكەی بكاتە سەوزایی، خۆ ئەگەر بەر لەو یاسایە پرۆژەكە جێبەجێ كرابێت، دەبێت لە شوێنێكی دیكەی پارێزگاكە سەوزاییەكە بكات (پرۆژەی لەبری سەوز)."