له 17ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه 52 جار هێرش کراوەتە سه‌ر هێزه‌كانی ئەمەریکا له عێراق و سووریا
K24 - هەولێر
له 17ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی عێراق زیاتر له 52 جار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی ئەمەریکا له عێراق و سووریا. سوپای ئه‌مەریكاش له 27ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌ی داوه‌ته‌وه.
لە 17ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵه‌وه تاوەکو ئێستا، گرووپی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی عێراق، زیاتر له 52 جار به درۆن و مووشه‌ك هێرشیكردووه‌ته سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئەمەریکا له عێراق و سووریا، كه به‌پێی دوایین راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا، له‌و هێرشانه‌دا 56 سه‌ربازیان "به سووكی" برینداربوون.
له كاردانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی به‌ره‌ی موقاوه‌مه، ئەمەریکا له 27ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه تاوەكو 13ی تشرینی دووه‌م، به هێرشی ئاسمانی بنكه و پێگه‌ی راهێنانی چه‌كداری گرووپه‌كانی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق و گرووپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به ئێران له پارێزگای دێره‌زوور و ئه‌لبوكه‌مال له سنووری سووریا و عێراق كردووه‌ته ئامانج.
لۆید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگریی ئەمەریکا ئاشكرایكردووه، له‌ناو خاكی سووریا دوو ناوچه‌یان كردووه‌ته ئامانج كه بۆ راهێنانی چه‌كداری و جبه‌خانه‌یه‌كی چه‌ك و ماڵێك له نزیك ئه‌لبوكه‌مال و مه‌یادین له سووریا كراونه‌ته ئامانج.
ئۆستن ده‌شڵێت، ئەمەریکا به مافی خۆی ده‌زانێت به‌رگری له سه‌رباز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بكات. له‌باره‌ی زیانه‌كانیشه‌وه روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاشكرایكردووه، له دوایین هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئەمەریکا له سووریا؛ 8 چه‌كدار له دێره‌زوور كوژراون.
له‌باره‌ی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئەمەریکا بۆ سه‌ر پێگه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان؛ كازم فه‌رتووسی، گوته‌بێژی كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا ئاشكرایكردووه، له هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی سوپای ئەمەریکا تاوەکو ئێستا، هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه.
فه‌رتووسی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئامانجی هێرشه‌كانی ئەمەریکا ته‌نیا بۆ گوشار دروستكردنه، تاوەكو ئیسرائیل هێرشه‌كانی چڕتر بكاته‌وه، ئه‌وانیش زیاتر گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی ئەمەریکا له‌ناوچه‌كه‌دا.
به‌گوێره‌ی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ته‌نیا له سووریا له 19ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، 33 جار هێرش كراوه‌ته سه‌ر بنكه‌ی ته‌نه‌ف، بنكه‌ی كێڵگه‌ی نه‌وتی عه‌مه‌ر، بنكه‌ی كێڵگه‌ی گازی كۆنیكۆ، بنكه‌ی ئەمەریکا له روباربا، خه‌راب جیر له به‌رمیلان، بنكه‌ی شه‌دادی و دوو هێرش بۆ سه‌ر بنكه‌كانی ته‌ل بێدر و قه‌سرك و له‌و هێرشانه‌دا هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووە.