بەشێک لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئێران بەهۆی پیسبوونی هەواوە داخراون

ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەیەکی ئێران
ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەیەکی ئێران

K24 - هەولێر

سێ رۆژە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران بەهۆی پیسبوونی هەواوە داخراون. لە چوار رۆژی رابردووشدا، لانیکەم دوو هەزار و 500 کەس لە پارێزگای خووزستان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

جارێکی دیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، کێشەی پیسبوونی هەوای شارە گەورەکانی ئێران کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کارگە و پیشەسازیی گەورەن، سەری هەڵداوەتەوە.

کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، دۆخی هەوا لە تاران و ناوەندی هەشت پارێزگای دیکەی ئەم وڵاتە بۆ هەموو تەمەنەکان مەترسیدارە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە، ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە .

سێ رۆژە قوتابخانە، زانکۆکان و سەرجەم ناوەندەکانی پەرەوەردە و خوێندن لە پارێزگای ئیسفەهان بەهۆی پیسبوونی هەواوە داخراون. لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خووزستان و شەش شاری دیکەی ئەم پارێزگایە، داوا کراوە کەسانی بەساڵاچوو، مناڵان، ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵ و کۆ ئەندامی هەناسەیان هەیە بە هیچ شێوەیەک لە ماڵ دەرنەکەون.

 لە پێنج ڕۆژی رابردوودا لانیکەم دوو هەزار و 500 هاووڵاتیی دانیشتووی ئەم پارێزگایە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون کە سەدا 10 لەوانە واتا 250 کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

سەرەڕای ئەوەی کەشناسی رایگەیاندووە، هەوای ئەهواز و شەش شارەکەی دیکەی خووزستان مەترسیدارە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان هێشتا وەک پارێزگای ئیسفەهان بڕیاریان لەسەر داخستنی قوتابخانەکان نەداوە.

ناوەندی کەشناسیی ئێران دەڵێت، جگە لە ئیسفەهان و خووزستان، پیسبوونی هەوا لە ناوەندی پارێزگاکانی تاران، ئەراک، مەشهەد، قوم، کەرەج، تەورێز و سمنانیش لەم رۆژانەدا دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.