قەتەر داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکات لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان رێکبکەون

ئاڵاکانی قەتەر، ئیسرائیل و فەڵەستین
ئاڵاکانی قەتەر، ئیسرائیل و فەڵەستین

K24 – هەولێر:

قەتەر داوای لە ئیسرائیل و حەماس کرد کە بگەنە رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر کەوتوونەتە دەستی حەماس هۆشداریشی دا کە بارودۆخی غەززە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێمان وایە جگە لەم نێوەندگیرییە هیچ دەرفەتێکی دیکە بۆ هەردوولا نییە بگەنە دۆخێک کە تیایدا تیشکێکی هیوا لەم قەیرانە ترسناکەدا ببینین".

ناوبراو پێی وابوو کە دۆخی خراپبوونی غەززە ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری بە سەرۆکایەتی دەوڵەتی کەنداو بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە و راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە کەرتی غەززە دروستدەکات.

هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرانی هەواڵگری ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دەوحە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر سەبارەت بە "ئاگربەستی مرۆیی" کۆبوونەوە، هەروەها باسیان لە ئازادکردنی بارمتەکان و ناردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە کرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل چەندینجار رەتکردنەوەی راگەیاندنی ئاگربەستی پشتڕاستکردووەتەوە، ئیسرائیل داوا دەکات سەرەتا بارمتەکان ئازادبکرێن ئینجا باس لە راگەیاندنی ئاگربەست بکرێت.

لای خۆیەوە زیاد نەخالە، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، "ئەو شێوازەی دانوستانەی کە پەیوەندی بە دیلەکانی دوژمنەوە هەیە و کاردانەوەکانی بە ئەگەرێکی زۆرەوە پاڵ بە بزووتنەوەی جیهادییەوە دەنێت کە لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنانە بێت کە لە میدیاکان باسی لێوە دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە جیهاد ئەو زیندانیانەی کە هەیەتی بۆ هەلومەرجی باشتر بهێڵێتەوە".

بزووتنەوەی حەماس لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هێرشەکەی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، 239 بارمتەی لەنێوان ئیسرائیلی و بیانییەکاندا گرتووە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینی کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماس بەڕێوەدەبرێت، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لەو کاتەوە گەیشتووەتە 11 هەزار و 240  کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین و زیاتر لە چوار هەزار منداڵیشیان تێدایە.

تا ئێستا نێوەندگیری قەتەر سەرکەوتوو بووە لە ئازادکردنی چوار بارمتە؛ دوو ئەمریکی لە 20ـی ئۆکتۆبەر و دوو ئیسرائیلی لە 23ـی هەمان مانگ.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی لیواکانی عزەددین قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس،  تۆمارێکی دەنگی بڵاوبووەوە کە گوتبوی: "قەتەر هەوڵی نێوەندگیری هەبووە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی دوژمن، لە بەرامبەر ئازادکردنی 200 منداڵی فەڵەستینی و 75 ئافرەت کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان. جەختیشی لەوە کردەوە کە "دوژمن داوای ئازادکردنی 100 کەسی دەستگیرکراوی لای ئێمەی کردووە".

ئەنساری رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکاری دانوستانەکانی بارمتەکان بدات، بەڵام گوتی: دەوڵەتی کەنداو هێشتا هیوادارە هەوڵەکانی ببێتە هۆی ئازادکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە دەستگیرکراوان.