سبه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌باره‌ی دۆخی عێراق به‌جیا كۆده‌بنه‌وه‌

K24 – هەولێر:

دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە جیا کۆدەبنەوە.

هەریەکە لە عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی پشتگیری لە بڕیارەکەی دادگای باڵای دەکەن و هاوپەیمانی عەزمیش دەڵێت، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.

بڕیارە لە ناکاوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق کاردانەوەی لانەیە سیاسییەکانی لێکەوتەوە.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگا، چوارچێوەی هەماهەنگیی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دوو کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدەن و لایەن سیاسییەکانیش پابەندی خۆیان بە بڕیارەکەی دادگا دووپات دەکەنەوە.

عەباس عامری، ئەمینداری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگیی رایگەیاندووە، سبەی چوارچێوەی هەماهەنگیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاووتوێکردنی دوا پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام دەدات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە کۆشکی حکومی ئەنجام دەدات.

لە لایەن خۆیەوە عەمار حەکیم، رێبەری رەوتی حیکمە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی رایگەیاند؛ سوپاسی هەوڵ و ماندووبوون و هەوڵەکانی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم محەمەد حەلبووسی دەکەین لەم ماوەیەی دوایدا، هیواخوازین لە هەرکوێیەک بێت لە ئەرکە نیشتیمانییەکانی سەرکەوتوو بێت.

هاوکات حه‌یده‌ر عه‌بادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسریش رایگەیاند، پشتگیریی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەین و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە. عەبادی دەشڵێت، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پابەندی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەکان بن.

هاوپەیمانی عەزمیش کە هاوپەیمانی سەرەکی حەلبووسین و لە لایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرکردایەتی دەکرێت لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت؛ باوەڕمان بە رێزگرتنە لە دەسەڵاتی دادوەریی و باپەندی بڕیارەکەی دادگای باڵاین.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە رایگەیاند، بڕیاڕی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە و، هەروەها دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیارانە رێز لە دەستوور ناگرێت.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.