هاوپەیمانی عەزم پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات

لۆگۆی هاوپەیمانی عەزم
لۆگۆی هاوپەیمانی عەزم

K24 – هەولێر:

هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، بڕیارەی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە پۆستەکەی بڕیارێکە زۆر بەجددی گفتوگۆی لەسەر کراوە پشتی بە بەڵگەی نەگۆڕ بەستووە و، هەروەها داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەن رێز لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023)، هاوپەیمانی عەزم، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، هاوپەیمانی عەزم دووپات لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە و بە تایبەت سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێزگرتن لەو بڕیارانە بەو پێیەی دادگایەکی بێ لایەنە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاوپەیمانی عەزم، دووپات لەسەر بایەخی دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دەکاتەوە لە کارکردنی پیشەییانەی خۆی، هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە، هەر بڕیارێکی لەم شێوەیە زۆر بە جددی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە کە پشتی بە بەڵگەی نەگۆڕ بەستووە.

هاوپەیمانی عەزم، پێیان وایە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەنگاوێکی گرنگە سەبارەت بە بەهێزکردنی بنەمای دەوڵەتی دەستووریی لە عێراق و یەکسانی بۆ هەمووان سەبارەت بە یاسا، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن رێز لەو بڕیارە بگرن.

هەروەها هاوپەیمانێتییەکە بۆڕای گشتی رادەگەیەنن، هەڵوێستیان لەبارەی ئەو بابەتە فەرمیانە هەڵوێستێکی نەگۆڕە. ئەوەش خراوەتەڕوو، "هاوپەیمانێتییەکە لە رابردوودا رەخنەی لەسەر کارەکانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەبووە، بە تایبەت لەبارەی دوورخستنەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی لە کارەکەی".

لە راگەیاندراوەکەدا هاوپەیمانی عەزم، ئاماژەی بەوەداوە، "کە بە پێویستی دەزانن کاری سیاسی و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەردەوام بێت، چونکە پێیان وایە پڕۆسەی سیاسی بە خەڵکی ناپیشەیی بەڕێوەناچێت".

هاوکات داواکارە لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە کاری بەیەکەوەیی بکەن لە پێناو بەهێزکردنی خەباتی سیاسی و چاکسازی و بازدان بەسەر سەرجەم ناکۆکییەکان.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.

د