کەشناسی: لە هەندێک ناوچە لێزمە باران دەبێت
K24 – هەولێر
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان باران دەبارێت و لە هەندێک ناوچە لێزمە باران دەبێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە ئاسمان هەور دەبێت بەگشتی، لە پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان بارانبارین دەبێت لە هەندێک کاتدا لە ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابارین مامناوەندە، لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمە باران هەیە لە هەندێک کاتدا.
کەشناسی راشیگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر بەشەکانی ناوەڕاستی عیراق و باشووری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بارانبارین لەسەر پارێزگای سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە زیاتر دەبێت، هەندێک کات بارانبارینی بەلێزمە و بارانی مامناوەند لەسەر ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لە کاتەکانی شەودا کاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە لاواز دەبێت بارانبارین تەنها بەشێوەی نمە باران و کەم لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەی گەرما نزم بوونەوەکى بەرچاو بەخۆى دەبینێت بە (6-8) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ .
لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت، ئەگەری نمە باران هەیە لە سەنتەری پارێزگاکاندا لە هەندێ کاتدا، لە ناوچە شاخاوییەکان و شاخاوییە سنوورییەکان تاوە باران دەبێت لە هەندێک کاتی جیاجیادا، پاشان ئاسمان دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور بەگشتی، پلەی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 20 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 19 پلەى سیلیزى
دهۆک : 21 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 21 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 22 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 23 پلەى سیلیزى
حاج ئۆمەران: 12 پلەى سیلیزى
سۆران: 19 پلەى سیلیزى