شانۆگەری ئەوانەی 'هەن نین و ئەوانەی نین هەن' لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان نمایشکرا
K24 – هەولێر:
شانۆگەری 'ئەوانەی هەن نین و ئەوانەی نین هەن' لە نووسینی هونەرمەند "ئومێد کەمال" و دەرهێنانی "دلێر محەممەد"ـی قوتابی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێرە و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە هۆڵی د. دارا مەحموود نمایشکرا.
ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە شانۆییە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، "کە ئەوانەی ماندوون ژیانیان پڕە لە داهێنان و بەخشش وەک پێویست مافەکانیان پێنادرێت و ناگەن بە خەونەکان لە ژیانیان بڵێین نرخیان نازانرێت، بەڵام ئەوانەی زۆر قسە دەکەن و هیچ سوودێک بە ژیان ناگەیەنن، دەبن بە خاوەن پلە، کۆشک، تەلار و خۆشبەخترین مرۆڤەکانی سەردەمن".
ئومێد کەمال، نووسەری ئەم شانۆنامەیە بۆ کوردستان24 دەڵێت: "شانۆگەرییەکە چیرۆکێکی راستەقینەیە و لەوەتەی ژیان هەیە خەڵکێکی ماندوو لە ژیان داهێنان پێشکەش دەکەن و خەڵکانێکیش دێنە سەر حازر و خۆشییەکانی ژیانت لێ تێکدەدەن".
گوتیشی: قوتابییانی هونەرە جوانەکان توانیان هەموو جوانییەک لە نێو هونەری شانۆ پێشکەش بکەن و ببن بە سەرنجی هەموو لایەک.
هۆڵی ئەم شانۆگەرییە جمەی دەهات لە بینەر و یەکەمین شانۆگەرییە لەم پەیمانگایەدا بەمشێوەیە پێشوازی لێبکرێت و دڵی ئارەزوومەندانی شانۆ بە لای خۆیدا رابکێشێت.