نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری له‌ په‌ككه‌وتنی كاره‌كانی له‌ غه‌ززه‌ ده‌دات

غەززە، وێنە:AP
غەززە، وێنە:AP

K24 – هەولێر:

ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) هۆشداریدا لەوەی ئاژانسەکە لە کەرتی غەززە "لە لێواری داڕماندایە" سەرەڕای ئەوەی لە چلەمین رۆژی جەنگدا بڕێک سووتەمەنی هێنراوتە ناو کەرتی غەززە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی تشرینی دووەمی 2023) فیلیپ لازارینی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) نووسیویەتی، "کارەکانمان لە غەززە لە لێواری داڕماندان، سەرەڕای دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بارهەڵگرەکان کە چیتر ناتوانن ژیانی خەڵک رزگار بکەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاوەڕوانی زیاتر ژیانی زیاتری خەڵک دەکاتە قوربانی" تا کۆتایی لە رۆژەکەدا، نزیکەی 70% لە غەززییەکان ناتوانن دەستیان بە ئاوی پاک بگات.

ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو سووتەمەنییەی کە لە میسرەوە لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە هاتووەتە ناو کەرتی غەززەوە بە هیچ شێوەیەک بەشناکات، رێژەکە هاوتای نیو بارهەڵگرێکە. ئاماژەی بەوەشدا، سووتەمەنی وەک چەکی شەڕ بەکاردەهێنرێت و ئەمەش دەبێت بوەستێندرێت.

لەلای خۆیەوە تۆم وایت، بەڕێوبەری کاروباری (UNRWA) لە غەززە، پشتڕاستی کردەوە، "لە رەفەح 10 بیری ئاو هەیە، کە هەر 10 بیری ئاوەکە پەمپکردنیان وەستاوە، کە تاکە سەرچاوەی ئاوە لە شارەکەدا، تەنها لەبەرئەوەی سووتەمەنییان تەواو بووە".

وایت ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوبوونی سووتەمەنیش بووەتە هۆی ئەوەی "هەر سێ پەمپەکەی ئاوی بیر لە رەفەح کارەکانیان بوەستێت".

هەروەها باسی لەوەشکرد" وێستگەی پاڵفتەکردنی ئاو لە خان یونس، بەهۆی کەمی سووتەمەنی کارکردنی راگرتووە، کە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 100 هەزار کەس دابین دەکات".

لە یەکەم رۆژی هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیلی کوژراون، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. هەروەها بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، نزیکەی 240 کەس لە هێرشەکەدا بە بارمتە گیراون.

ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەوە بێ وەستان بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات، هەروەها لە 27ـی تشرینی یەکەمەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی کردووە بە ئامانجی "نەهێشتنی" بزووتنەوەی حەماس کە لە ساڵی 2007ـەوە کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردووە.