مەشعان جبووری: دوورخستنەوەی حەلبووسی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نابێت

مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی وەتەن
مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی وەتەن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پارتی وەتەن رایدەگەیەنێت، دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستەکەیدا هێزە سونییەکان لە کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی جێگرەوەیەک بۆ پۆستەکەی دیاری بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک 51%ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت وەکو جێگرەوە دیاریدەکرێت و بە دڵنیاییەوە دوای کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان سوونەکان کەسێک بۆ پۆستەکە دیارییدەکەن. جبووری گوتیشی: دوورخستنەوەی حەلبووسی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نابێت.

مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی وەتەن، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، بڕیاڕی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی بڕیارێکی زۆر پێویست بوو، هەروەها بڕیارێک بوو دەبوو زووتر بدرابایە و محەممەد حەلبووسی بووەتە هۆکاری پەکخستنی پەرلەمانی عێراق و رۆڵی پەرلەمانی هێنابووە ئاستێکی زۆر نزم.

راشیگەیاند، "محەممەد حەلبووسی پەرلەمانی کردبوو بە شوێنی دانیشتنی شەوانە، چوونکە خۆی نەیدەتوانی بەیانییان زوو لەخەو هەڵبستێت و بچێتە سەر کارەکەی، هەروەها حەلبووسی پەرلەمانی عێراقی کردبوو بە ئامرازێکی کارپێکردن بۆخۆی لە بەرامبەر دەسەڵاتە بەڕێکەرەکاندا، سەرەڕای هەوڵ و رێگرییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبووسی هەوڵی دەدا پەرلەمانی عێراقی بچێتە نێو دامودەزگا ئەمنییەکانەوە و لەوێش دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت.

سەرۆکی پارتی وەتەن دەڵێت: محەممەد حەلبووسی کۆمەڵێک بڕیاری دەردەکرد کە پێچەوانەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، ئەدای حەلبووسی ببوو بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق، هەروەها بڕیاری لادانی محەممەد حەلبووسی پێویستییەکی نیشتمانی بوو، کە لە بەرژەوەندی شیعە، سوننە، کورد و هەموو پێکهاتەکان بوو.

مەشعان جبووری، ئاماژەی بەوەدا، محەممەد حەلبووسی زۆر بە خێرایی بووە کەسێکی سەرکەوتوو هەر ئەمەش بوو تووشی کێشە و لوتبەرزی کردبوو، وایلێکردبوو کە دەتوانێت هەموو شتێک ئەنجامبدات بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک سزای بدات.

باسی لەوەشکرد، "بۆچی کاتێک مەشعان جبووری لە ئەندام پەرلەمانێتی دوورخرایەوە، بۆ رۆژی دواتر حەلبووسی کەسێکی دیکەی لە حزبەکەی خۆی هێنا لە شوێنەکەی من دەستبەکار بوو و سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام ئەو بڕیارەی دادگا کە لە دژی خۆی دەرچوو راستەوخۆ بەو کارە هەڵنەستا کە بەرامبەر بە من ئەنجامیدا، ئەو کەوتە نێو ئەو چاڵەی کە بۆ براکانی خۆی لێیدابوو".

سەرۆکی پارتی وەتەن، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، محەممەد حەلبووسی ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رەتبکاتەوە، بابەتەکە کۆتایی پێهاتووە، هەروەها حەلبووسی ناشتوانێت بەشداری بکات لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر بەشداری دانیشتنەکانیش بکات دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی دیکە دەردەکات داوا دەکات دادگایی بکرێت بە تۆمەتی جێبەجێنەکردنی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق.

مەشعان جبووری، گوتی: "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە محەممەد حەلبووسی تەواو یاساییە پشتی بە دەستووری عێراق بەستووە و، ناکرێت کەسێکی ساختەکار لەسەر کورسی سەرۆکی پەرلەمان دابنیشێت، هەروەها محەممەد حەلبووسی مەترسییە بۆسەر یەکگرتوویی خاکی عێراق و بۆسەر سیستەمی سیاسی عێراقیش".

ناوبراو گوتیشی: محەممەد حەلبووسی کەسێک نییە کە بیر لە راکردن بکاتەوە بۆ دەرەوەی عێراق، هەروەها کەسێک نییە خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە عێراق و بەردەوام هەوڵدەدات پشێوی دروستبکات، یەکەم کاردانەوەشی دوای دوورخستنەوەی دەستی بە هەڕەشەکردن کرد و دەیەوێت پشێوی دروستبکات.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، محەممەد حەلبووسی دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، سێ لە وەزیرەکانی عێراق کە ئەندامی حزبەکەی ئەون ناچاری کردن دەست لەکارکێشانەوە پێشکەش بکەن، ئەم هەڵوێستەی حەلبووسی مانای ئەوەیە کە دەیەوێت گرەو لەسەر پشێوی بکات، رەنگە گرەو لەسەر جۆرە فشاری دیکەش بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵنیاییە ئەو دەتوانێت شتێک دروستبکات دەتوانێت خەڵک بهێنێتە سەر شەقام و خۆپێشاندان بکەن، بەڵام هیچ لەمانە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناگۆڕن.

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە ئایا کاریگەری دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراق یا نا؟، سەرۆکی پارتی وەتەن، گوتی: رۆڵی رەوتی سەدر هەزارجار گرنگترە لە رۆڵی محەممەد حەلبووسی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، سەدر کاتێک پەرلەمانی عێراقی جێهێشت خاوەنی زۆرترین کورسی بوو، کاتێک حزبەکەی سەدر لە پەرلەمانی  عێراق نەما خەڵکێکی دیکە هاتنە شوێنەکانیان، کشانەوەی حەلبووسی و ئەندامانی پارتەکەی لە پەرلەمان هیچ کێشەیەک دروستناکات.

هەروەها گوتیشی: "ئەندامانی پارتەکەی حەلبووسی کە دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد، لەو بڕوایەدام لەو کارە پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان، بەهۆی ئەوەی حەلبووسی ساختەکارە و پێشتریش مامەڵەی لەگەڵ ساختەکاری کردووە بۆ ئەوەی زیان بەمن بگەیەنێت ئەوە بە بەڵگە سەلمێندرا، ئەو شتانەی کە دایە پاڵی من هەموو ساختە بوو، ئەو کەسێکە ساختەکارە و لەو کارەش راهاتووە".

مەشعان جبووری، لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی حەلبووسی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە هەموو لایەنە سوننەکان لە کۆبوونەوەدان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ حەلبووسی، رەنگە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ ئەم شتە نەکرێت بەهۆی ئەوەی پەرلەمان دەکەوێت ناو پشووەوە، بەڵکو دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان دەکەوێت ساڵی داهاتوو، لە ئێستادا جێگری سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەبات، لەناو سوننەکان دابوونەریتێک هەیە کە هەر کەسێک لە کۆبوونەوەکاندا 51%ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، راستەوخۆ وەکو جێگرەوە دیاریدەکەێت و هێزە سیاسییەکانی دیکە لەو بابەتە ئاگادار دەکرێنەوە و لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێ دەدرێت.

ناوبراو روونیکردەوە، "هەرکەسێک سەرۆکی پەرلەمان بێت مانای وا نییە کە سەرکردەی سوننەکان بێت، ئەم پۆستە زۆر گەورەترە لە محەممەد حەلبووسی و مێژوویەکەی، حەلبووسی لە رێگەی ئەو هاوکارییەی کە لە دەرەوە بۆی دەهاتن ئەم پۆستەی وەرگرتووە، بۆیە هەر کەسێک ببێتە سەرۆکی پەرلەمان واتەی ئەوە نییە کە دەبێت سەرۆکی سوننەکان بێت".

سەرۆکی پارتی وەتەن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، نەمانی حەلبووسی هیچ کێشەیەک لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دروستناکات، بەڵام رێبەری رەوتی سەدر ئەگەر بیەوێت دەتوانێت هەڵبژاردن پەکبخات یاخود دوایبخات.

گوتیشی: بەشدارینەکردنی سەدر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ماییەی مەترسییە بۆسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق، هەروەها حکومەت توانای ئەوەی هەیە پارێزگاری لە ئاسایشی هەڵبژاردنەکان بکات و هەڵبژاردن بکرێت و توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنیشی هەیە، ئەگەر سەدر نەشتوانێت هەڵبژاردن پەکبخات، بەڵام هەڵبژاردن بەبێ سەدر کارێکی هەڵەیە.

مەشعان جبووری، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە عێراق بە لۆژیک کارناکرێت و، سەرکردەکانیشی خزمەتی ئەجێندای دەرەوە دەکەن، هەروەها ئەو کەسەی چەکی بەدەستە دەتوانێت گڕ لە عێراق بەربدات، ئەوەی چەکیشی پێ نییە دەبێتە قوربانی.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، "سەختە بڵێین دۆخی عێراق سەقامگیر دەبێت یاخود نا کاتێک دەبینن سەرۆکوەزیرانی عێراق کار بۆ سەقامگیری عێراق دەکات، لەبەرامبەردا من دەبینم مووشەک لە تەنیشت ماڵەکەم دەکەوێتە خوارەوە، بەڕاستی سەختە شیکردنەوە بۆ دۆخی عێراق بکرێت، نازانین بەرەو کوێ دەچێت چونکە بابەتەکە بەدەست عێراقییەکان نییە".

دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق هێنا

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.