27 توشبووی شێرپەنجە لەکەرتی غەززەوە گەیشتنە تورکیا

ساتی پێشوازیکردن لە نەخۆشەکانی کەرتی غەززە
ساتی پێشوازیکردن لە نەخۆشەکانی کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27 تووشبووی شێرپەنجەی فەڵەستینی لە رێگەی میسرەوە گەیشتنە ئەنقەرە. ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشەکان و هاوەڵەکانیان بە دوو فڕۆکە لە ئەنقەرە نیشتنەوە بۆ چارەسەرکردن.

فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا، ئێوارەی دوێنێ رایگەیاند، 40 کەس کە 27 یان تووشبووی شێرپەنجە بوون، توانیان کەرتی غەززە بەرەو میسر بەجێبهێڵن، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بۆ تورکیا.

کۆجا لە میسر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "27 تووشبووی شێرپەنجە لە غەززە دەروازەی رەفەحیان تێپەڕاند، پلانمان دانابوو هەر رۆژی چوارشەممە، ئەو 27 نەخۆشە لەگەڵ 13 هاوەڵیان بگوازینەوە بۆ تورکیا.

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی لەکەرتی غەززە، بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 11 هەزار و 500 کەس کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونە، لەوانە چوار هەزار و 710 یان منداڵ بوون.

ئەنقەرە چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی میسر دەکات بۆ کردنەوەی نەخۆشخانە مەیدانییەکانی لە شاری رەفەحی سنووری میسر لەگەڵ کەرتی غەززە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆشە فەڵەستینییەکان.

وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، "هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانین نەخۆشخانەیەکی مەیدانی لە غەززە، لە نزیک دەروازەی رەفەح دابمەزرێنین".

پێشتر تورکیا جگە لە کەشتییەکی پڕ لە خۆراک و کەرەستەی پزیشکی و دەرمان و مۆلیدەی کارەبا و چەندین فڕۆکەی بارهەڵگری نارد بۆ میسر و بەمەبەستی رەوانەکردنی بۆ کەرتی غەززە.