وەزیری پەروەردە قوتابیانی پۆلی 12 دڵنیا دەکاتەوە

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی دڵنیا دەکەنەوە کە ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە، کاتێک وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: پرۆگرامەکانی خوێندن کەم ناکەینەوە، مەبەستی ئەوەیە بەرژەوەندی قوتابی و خوێندکاران بپارێزێت، چونکە کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە کۆی گشتی زەرەر لە هەموو قوتابیان دەدات و پرۆسەکەیان لێ تێکدەچێت، بە جۆرێک کە نمرەی زۆر بەرز دێت، ئێمە نموونەی خوێندنی ساڵی 2020مان هەیە ئەوکاتە بەهۆی کۆرۆنا بوو کە لە دەرەوەی ئیرادەی هەموومان بوو".

گوتیشی: "هەموو قوتابی و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی دڵنیا دەکەمەوە کە درەنگ دەستیان بە خوێندن کردووە یان تائێستا دەستیان پێ نەکردووە، ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت، وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی هەموو قوتابی و خوێندکارانە لە زاخۆ تا گەرمیان، بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە بەرامبەر بەو قوتابی و مامۆستایانی سلێمانی و هەموو کوردستان".

راشیگەیاند: "لە کۆیە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان هەموو قوتابیانی پۆلی 12 دەوام دەکەن، هەروەها لە سلێمانی بەشێکی زۆری قوتابخانەکان لە سلێمانی دەوام دەکەن، ژمارەیەکیان درەنگیان دەستپێکردووە".

ئالان حەمە سەعید، گوتی: "لە ئەنجومەنی وەزارەت بە تایبەت لەبارەی قوتابیانی سلێمانی کۆدەبینەوە، ئەگەر لە سلێمانی و دەوروبەری هەندێک قوتابخانە دەستیان بە خوێندن نەکردووە، میکانیزمێکی گونجاویان بۆ دەدۆزینەوە، ئەوەی بکرێت بۆ مافی ئەوان دەیکەین، پێویست ناکات بە هیچ شێوەیەک بشڵەژێن".

جەختیکردەوە: "پرۆگرامەکانی خوێندن تەواو دەکرێن، لە 3ی حوزەیران ساڵنامەی خوێندن هەیە بە گشتی بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، بەڵام ئەگەر قوتابییەک لە 15 تا 30 رۆژ لە خوێندن دواکەوتبێ، ئێمە وەکو حکومەت هەموو بەرپرسیاریەتیەکە ناخەینە سەر شانی ئەو قوتابییە، بڵێین دەبێ لە 3/6/2024 تاقیکردنەوە بکەیت، بەڵکو میکانیزمی دیکەیان بۆ دەدۆزینەوە، لە ئەنجومەنی وەزارەت گفتوگۆی ئەو بابەتە دەکەین، لەگەڵ لیژنەی تاقیکردنەوەکان قسەمان کردووە، هەر کاتێک هەموو قوتابییەکان دەستیان بە خوێندن کردەوە، ئێمە کاری پێویستان بۆ ئەنجام دەدەین، بۆیە با هیچ قوتابییەکی پۆلی 12 نیگەران نەبێت".