شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بارانبارین
بارانبارین

K24 – هەولێر:

ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارن رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە کە زۆرترین ئاستی بارانبارین لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەواش، هەفتەی داهاتووش بارانباران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بە پێی پێشبینییەکانیش سبەی هەینی، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، (16ـی تشرینی دووەمی 2023) بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە؛ لە پارێزگای هەولێر 30.2 ملیم، سلێمانی 9.1 ملیم، دهۆک 0.5 ملیم، کەرکووک 27 ملیم و لە هەڵەبجە حەوت ملیم باریوە. لە قەزاکانیش بەرزترین رێژە بە 32.4 ملیم لە چەمچەماڵ بووە.
لەلایەن خۆیەوە، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: "دوای دابارینەکەی چوارشەممە، رۆژی هەینی دووبارە شەپۆلێکی نوێی دابارین لەسەر هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە، بۆیە دووبارە بارانبارین دەست پێ دەکاتەو و پلەکانی گەرمی زیاتر دادەبەزن."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی گوتیشی، "رۆژی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو ئەو کاریگەرییە کەم دەبێتەوە و کەش سەقامگیر دەبێت بەڵام رۆژی دووشەممە و سێشەممە دووبارە بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."

پێشتریش بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رۆژی هەینی لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پەستانێکی نوێ لە دەریای سپی ناوەڕاست ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوەڕاستی هەرێم نمە باران لە کاتەکانی بەرەبەیان دەست پێدەکات، رێژەی دابارین زیاد دەبێت بەتایبەتی لە ناوچەکانی بادینان و پارێزگای دهۆک تاکو کاتەکانی دوای نیوەرۆ. لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی دەمینێتەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم".