هێشتا بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی بۆ پەرلەمان نەنێردراوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 – بەغدا:

بەپێی زانیارییەکانی کۆردستان24 تا ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکردووە و پاش رەوانەکردنی بڕیارەکەش دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا شوێنگرەوەیەک بۆ حەلبووسی دیارییبکرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: ناو ماڵی سوونە پەرتەوازەیە و ئەستەمە بتوانن لە سەر کاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێكبكەون.

تاکو ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی بە نووسراو، بڕیاری دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکردووە، بەڵام لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە حەلبووسی نەچووەتە پەرلەمان، بۆیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ جێگرەکانی ئیدارەی کۆبوونەوە و کاری لیژنەکان دەکەن.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەهەر هۆکارێک کە سەرۆکی پەرلەمان ئامادەنەبێت لە دانیشتنەکان، جێگری یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەرێوەدەبات، ئەگەر جێگری یەکەمیش ئامادەنەبوو ئەوا جێگری دووەم دانیشتنەکە بەڕێوەدەبات".

پاش ئەوەی دادگا بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکات، بە پێی ماددەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا، لایەنە سوننەکان کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئامادە بکەن، تاوەکو لە نێو هۆڵی کۆبوونەوەدا دەنگی لە سەر بدەن.

لەلایەن خۆیەوە سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: "ناو ماڵی سوونە پەرتەوازەیە و پارتی تەقەدوومیش کێشەی ناوخۆییان زۆرە، بۆیە ئەستەمە بتوانن لە سەر یەک کاندید رێکبکەون".

دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق هێنا

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە ناوەڕۆکی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی دواتریش، محەممەد حەلبووسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".

حەلبووسی راشیگەیاند: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لەسەر پەرلەمانتار دەربکەن، هەروەها تەنیا بەپێی ماددەی 52ـی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".