بۆرێل: داوای ئاگربەستێکی مرۆیی لە غەززە دەکەین

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر:

بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. ناوبراو داواکاریشە لە حەماس کە بارمتەکان ئازاد بکات. هاوکات گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل پابەندی یاساکانی جەنگ بێت.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە میانەی وتارێکدا لە رامەڵڵا رایگەیاند، لە رووی داراییەوە ئەم جەنگە ئەوەی دەرخست کە ئێمە دەستبەرداری دۆزی فەڵەستین نەبین بەبێ چارەسەر و، هەروەها هەموو جیهان دەبینێت کە چ کارەساتێکی مرۆیی وا لە غەززە روودەدات، ئەمەش وا لە ئێمە دەکات هەوڵەکان چڕ بکەینەوە و پاڵپشتە نێودەوڵەتییەکان کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئەو پرسە بدۆزینەوە.

بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەدا، چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە چارەسەرە کە دەیان ساڵە پشتگوێخراوە، هەروەها پێویستە هەموو لایەک لەو هەوڵە هاوکاری ئێمە بن، لە 30 ساڵی رابردوو بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕیاری دوو دەوڵەت زۆرترین زیانمان کردووە.

جۆزێپ بۆرێل، گوتی: "شەوی رابردووش لە ئیسرائیلیش باسی ئەو بابەتەم کرد و، ئەمڕۆش لە رامەڵڵاش دیسان باسی ئەو بابەتەم کرد، ئەمە پەیامی منە کە من هەڵگری دەبم بۆ ریاز، دەوحە، عەمان و بۆ هەر شوێنێکی دیکە کە بۆی بچم، هیچ کەسێک گرنگی بەو هەوڵانە نەدا، تەنیا من و چەند کەسێکی دیکە کە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن گرنگیان بە بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت دا".

هاوکات گوتیشی: ئێمە پێویستمان بە تێڕوانینێکی یەکگرتووە هەیە، ئەو کارەساتانەشی کە روودەدات ناچارمان دەکات هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرییەکان.

بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، باسی لەوەشکرد، دەمانەوێت پاڵپشتی لە فەڵەستین بکەین و ئەوەی لە فەڵەستین روودەدات کارەساتێکی مرۆییە.

جۆزێپ بۆرێل، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت ئیسرائیل پابەندی یاساکانی جەنگ بێت و داواکاریشین لە حەماس کە بارمتەکان ئازاد بکات".

بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، دەشڵێت: پشتیوانی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.