لە کەلار دایکێک بە بیستنی هەواڵی 'مردنی کوڕەکەی' گیان لەدەستدەدات و کوڕەکەشی زیندووە

نەخۆشخانەی فریاکەوتن - کەلار
نەخۆشخانەی فریاکەوتن - کەلار

K24 – گەرمیان:

دوای ئەوەی کەسێک بە مەبەستی پاککردنەوە دەچێتە نێو تەنکەرێکی سووتەمەنیەوە و بەهۆی غازەوە بێهۆش دەبێت بەڵام هەواڵ بە دایکی دەدرێت کوڕەکەی مردووە، بەو هۆیەوە دایکی تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت و گیان لەدەستدەدات.

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سەرقاڵی پاککردنەوەی تانکەرەکەی دەبێت و بەهۆی بۆنکردنی غازەوە بێهۆشبوونە، لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیانەوە رزگارکراوە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییە، سێ لە کارمەندانی بەرگری شارستانی گەرمیانیش بەهۆی غازەوە بێهۆشبوون، دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، تەندروستی هاووڵاتییەکە و هەر سێ کارمەندەکەیان جێگیرە و مەترسییان لەسەر نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دایکی ئەو هاووڵاتییەی لە تانکەرەکدا بێهۆش ببوو، لە کاتی بیستنی هەواڵەکەدا، تەندروستی تێکدەچێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت، بەڵام بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کە بەرگەی بیستنی هەواڵی کوڕەکەی نەگرتووە، گیانی لەدەستداوە.