سەڵاح رەئوف: بەهیچ کارێکی هونەری ناڵێم لاواز

"سەرقاڵی ئۆپێرای(خەج و سیامەند)ـم"

K24 – هەولێر

سەڵاح رەئوف ئاوازدانەر و میوزیسانی كورد، یەکێک بووە لە نووسەری پۆلێنکردنی پەیژەکانی مۆسیقای رۆژهەڵاتی، لە هەڤپەیڤینێکی کوردستان24دا دەڵێ: سەرقاڵی ئۆپێرای"خەج و سیامەند"م، ئاواتەخوازم بەزووترین کات بتوانرێ نمایش بکرێ.

کوردستان24: سەڵاح رەئوف بەچییەوە سەرقاڵە؟

سەڵاح رەئوف: سەرقاڵی من تەنها بە مۆسیقاوەیە، بەڵام ژیانی من بریتین لە چەند قۆناغێک، لە زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکاندا باسم کردوون، من پێش ئەوەی مۆسیقا زان بم یاریزانی تۆپی پێ "فوتبۆڵ"بووم، بەڵام بەهۆکارێک لە دنیای یاریزانی دابڕام،  لەوساتەوە چەند هۆکارێک بوونە هۆی ئارەزووی فێربوونی کەمانچەم لادروست بێت، لای مامۆستا "ولیەم یۆحەننا" پەروەردەی مۆسیقا "کەماچە" ژەنین کرام.

لە سەرەتای ساڵ 1969ـەوە ئاشنا بووم بە تیپی مۆسیقای سلێمانی هەر بە هۆی هەمان مامۆستا، گرنگترین قۆناغ لەژیانی هونەریمدا، بیرکردنەوەم لە چاپ بووە، ئەویش بە گەیاندنی کتێبی فێربوونی کەمانچە، کە بەدەست و خەتی خۆم نۆتەکانم نوسی و بەچاپ گەیەنرا، ئەوساتانە نووسینی نۆتە بەچاپ کردنی کۆمپیوتەر نەبوو، تەنها بە نووسینەوەی دەست و خەتی خۆمان بوو، بە یارمەتی دەزگای "چاپخانەی قەفتان" کە هاوکارم بوون بۆ بەچاپ گەیاندنی.

لە ساڵی 1983، هاوکاربووم بۆ کردنەوەی بەشی مۆسیقای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی، بەردەوام بووم تا کۆتایی ساڵەکانی 1997-1998. هەر لەوماوەیەدا پتر لە 15 کۆراڵ " ئاوازی بەکۆمەڵ بێژان" کە زۆربەیان تائێستاش لەناو گەنجینەی هونەری کوردیدا ئەدرەوشێنەوە، لەوانە "لەیلێ و لاوە، سلێمانی، هۆرە، هتد.." هەر لەو قۆناغەدا پەرتووکی تیۆرەکانی مۆسیقام بەچاپ گەیاند.

کوردستان24: بۆچی سەڵاح رەئوف لە چالاکییەکان کەم دەبینرێ، لە کاتێکدا خۆی یەکێک بووە لە بنەچەی مۆسیقای کوردی؟

سەڵاح رەئوف: بەپێی پێویست کارەکانم ئەنجام دەدەم، هیوادارم ئازیزانم تەنیا نمایشی تەلەڤزیۆنی بەچالاکی سەرەکی هونەریم نەزانن، چونکە ئەوەی باسمان کرد لەبواری زانستی مۆسیقادا بوو، بەڵام لە بواری مۆسیقا ژەنیندا رۆژانە سەرقاڵم بەم کارە هونەریانەوە وەک کەمانچەژەنێك، هەفتەی جارێک لەگەڵ تیپی سیمفۆنی ئەپلدۆرن کەمان دەژەنم، پێش چەند ساڵێ مۆسیقای ژاڵەم کردە سیمفۆنی و لە میهرەجانێکی گەورەدا نمایشکرا. زۆر لە مێژە لەگەڵ چەند هاوەڵێکی مۆسیقاژەندا گروپێکی مۆسیقامان بونیات ناوە هەفتانە بەردەوامین لە پرۆڤە، نمایشکردنی ئەو پرۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی هۆڵەندا دەکەین، ناوی گروپەکەمان ناوە "گروپی مۆسیقای حەیران" بەردەوامین لەچالاکی هونەری مۆسیقا.

کوردستان24: بۆچوونت لەسەر مۆسیقای دراما و فیلمە کوردییەکان چییە؟

سەلاح رەئوف: من دەڵێم هونەرمەندان بە ئاستی تواناو بەهرە و زانستی خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بۆیە من بەهیچ کارێک ناڵێم لاواز، هەموو کارێکی هونەری خۆی دەبێتە پێناسەی ئەو کارە، بەڵام ئەو کارانەی ئاستیان بەرزە زۆر بەزووی دەچنە نێو کۆمەڵگەوە و پێناسەی ئاستی جوانی ئەو کارە هونەریە بە میللەت دەبەخشن، هەمووکارێکی هونەری بە ئاستی توانا و بەرزی خۆی ئەبینرێ، بۆیە هەردەم کارە هونەریەکان خۆیان پێناسەی خۆیانن و کەس ناتوانی کەم یان زۆری کات.

کوردستان24: مۆسیقای ژاڵە چ کاریگەریەکی هەبووە؟ 

سەڵاح رەئوف: درامای ژاڵە پێگەیەک بوو بۆ زیاتر بڕوا بەخۆ بوونم و بەردەوامیم لەو کارە گرنگانەی کە خزمەتی نەتەوەکەمی پێدەکەم، بە تایبەتی لەداڕشتنی ئاوازو مۆسیقا بۆ کارە درامیەکان جا کارەکان گەر کاری هونەری سەر شانۆ بێت یان بۆ پەخشی تەلەفزیۆنی بێت یا کاری ئاوازی مۆسیقی، بۆ دراما سینەمایەکان کە بە پلەیەکی باش سەرکەوتووبووم، یەکێک لەو یادگاریە جوانانەی کە هەرگیز بیرم ناچێت ئاواز و مۆسیقاکانم بوو بۆ یەکەم فیلمی سینەمایی کوردی لەسەر ئاستی کوردستانی باشور بەناوی "نێرگز بووکی کوردستان" کە لەسەرانسەری وڵاتی عێراق بگرە وڵاتە عەرەبیەکان و هەروەها فیستڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش بەپلەیەکی بەرز ستایش کرام، لە وڵاتی سویدیش خەڵات کرام، بۆ ئەمەش بەرز کردنەوەی  ئاستی ڕۆشنبیری خۆشم هاندەرێکی باش بووبۆ بەردەوامیم لەو کارانەدا.

کوردستان24: بۆ داهاتوو سەڵاح رەئوف چی هەیە؟

سەڵاح رەئوف: پرۆژەی داهاتووم زۆرن زیاتر لە 40 ئاوازی دانراوم ئامادەیە، کە بیدەم بە گۆرانیبێژانی شایستە، گەورەترین کاری هونەریم کە لە سەرانسەری مێژووی ژیانمدا کە کردبێتم نمایشی "گۆڕستانی چراکان"بوو، ماوەکەی نزیکەی یەک کاتژمێر بوو، بەڵام ئێستا سەرقاڵی کارێکم کە بە هەموو ژیانم لەکارە هونەریەکانمدا کاری هونەری وا دڵخۆشکەرم بۆ خۆم نەکردووە، هیوادارم بەهەمان ئاستی ئەو بۆچوونەی خۆم بگاتە بەرچاو و گوێی هەوادارانم، ئەویش ئۆپێرای "خەج و سیامەندە" ماوەکەی یەک کاتژمێر و نیوە، ئاواتەخوازم بەزووترین کات بتوانرێ نمایش بکرێ، هەروەها سەرقاڵی کاری تریشم، تا نەگەمە ئەنجام لێیان، ناتوانم باسیان بکەم.

.

ئا: لاڤین عومەر