وەزیری پێشووی نەوتی عێراق: چاوەڕێ دەکەین سەرەتای 2024 نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە

ئیبراهیم بەحر علوم، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق
ئیبراهیم بەحر علوم، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەیە و، "چاوەڕێ دەکەین کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی 2024 نەوت هەناردەبکرێتەوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-11-2023، ئیبراهیم بەحر علوم، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لە داهاتوویەکی نزیکدا.

وەزیری پێشووی نەوتی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە، هەوڵەکان لەلایەن هەولێر و بەغداوە بەردەوامن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و "هەردوولا توانیویانە گرێ کوێرەکان بکەنەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "چاوەڕێ دەکەین لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی 2024 دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە".

بە گوتەی ئیبراهیم بەحر علوم، "هەفتەی داهاتوو چەند شاندێک لە تورکیاوە دێنە عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان".

"سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر"

زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، رۆژی 25ـی ئاداری 2023، عێراق سکاڵاکەی تورکیای بردەوە و تورکیا بە پێدانی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.

رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتە هەولێر و، دواتر لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکوەزیرانیشە. ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەرووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن".

ئاماژەی بەوەش دا، "لە قسەکردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەکان بدەین. من ئومێدم زۆرە ئینشائەڵڵا ئەنجامێکی باش و وەڵامی باش بۆ خەڵکیش دەبێت".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "ئەگەر بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەڵام دەبێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاوبکرێت."