سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کارگەی ئاردی دستار لە دهۆک دەکاتەوە

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای دهۆک کارگەی ئاردی دستار دەکاتەوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 11/19 کاتژمێر 3:00 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی ئاردی دستار لە کۆمەڵگەی دۆمیز لە دهۆک دەکاتەوە.

کارگەی ئاردی دستار، کەوتووەتە کۆمەڵگەی دۆمێزە لە قەزای سێمێل، لەسەر رووبەری 25 هەزار مەتر چوار گۆشە دروستکراوە، تێچووی پڕۆژەکە 22 ملیۆن دۆلارە، توانای کۆگای کردنی 52 هەزار و 300 تۆن گەنمی هەیە.

پڕۆژەکە 250 هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت و لە توانای دایە رۆژانە 500 تۆن ئارد بەرهەمبهێنێت.

کارگەی ئاردی دستار، گرنگی و کاریگەری زۆری دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکە، کە ساڵانە بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەردەگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاکی دانا، کە دوو پڕۆژەی ستراتیژین بۆ پێشڤەچوونی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لە دەڤەرەکەدا، هەردوو پڕۆژەکە زیاتر لە پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن.