حکومەت هەلی کار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار دەڕەخسێنێت
K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەلی کار بۆ دەرچووی گەشتوگوزار دەڕەخسێندرێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "هەموو ئەوانەی کە فۆڕمی رێبەرییان پڕکردووەتەوە مادام ئارەزوومەندن، دەرفەتیان بۆ دەرەخسێت، بەڵام ئێمە لە قۆناغی یەکەم سەرژمێریمان کردووە، سێ هەزار و 500 کەس، فۆڕمیان پێشکەش کردووە، بەپێی ناوچە جیاوازیەکان".
راشیگەیاند: "ئەوانەی کە فۆڕمیان پرکردووەتەوە، بۆ نموونە لە سلێمانی 85 کەس جگە لە زمانی دایک زمانێکی تری بیانی دەزانێت، ئەوانەشی کە هیچ زمانێک نازانن داوامان لێکردوون هەوڵبدەن زمانێکی دیکەش فێربن و بزانن، چونکە ئەو گرووپانەی کە دێن یا لە باکووری کوردستان یاخود لە وڵاتی ئێران و باشووری عێراقەوە دێن، یاخود بیانین و لە وڵاتانی دیکەوە دێن، ئەو رێبەرەی لەگەڵیان دەبێت یەكێک لە زمانەکان بزانێت".
ئەمەل جەلال گوتیشی: "یەکێتی فڕۆکەوانی و گەشتیاری، کۆمەڵەی میوانخانەکان و چێشتخانەکان، لە قۆناغی یەکەمدا، هۆتێلی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەکان، لەگەڵ هەموو کۆمپانیاکان، ئەم رێبەرانە دەبن بە کارمەندی ئەم دەزگایانە و لە رێگای ئەم رێبەرەوە کە لەگەڵ گەشتیارە، زۆرترین مارکێتینگ بۆ ئەم کۆمپانیایانە دەکرێت".
ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنیا چەند رێکارییەکی ئاسایی ئیداری ماوە، دامەزراندنی دەرچووانی گەشتوگوزار وەک رێبەری گەشتیار لە نزیکترین کاتدا دەست پێدەکات".
سەبارەت بە رسومات و باج، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار گوتی: "ئێستا وەزارەتی داد راسپێردراوە، کە پێداچوونەوە بە تەواوی رسومات و باج بکەن، لیژنەیەک کە وەزیری دارایی و وەزیری شارەوانی تێیدایە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رایانسپاردوون پێداچوونەوە بکەن، دەبێت، "باج و رسومات و کرێ"، لە ئاستی پێویست بێت کە کەرتی تایبەت داوای دەکات".
ئەمەل جەلال راشیگەیاند: "رۆژی سێشەممەی داهاتوو، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کۆدەبینەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەرێگای ئۆنلاین، ئەوانەی کە دەرچووی گەشتوگوزارن ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، دواتر بەپێی ئەو رێنماییانەی کە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی گەشتوگوزار دایدەنێت، دابەش دەبن بەسەر پارێزگاکاندا بەپێی تایبەتمەندی خۆیان، هەر پارێزگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە راهێنانیان پێدەکرێت و زانییارییان پێدەدرێت".