دیبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان لە سایەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان

Kurd24

ئەگەرچی دیپلۆماسییەت و پەیوەندییەکان هەر لەسەرەتای دروستبوونیانەوە وەکو پێویستییەکی گرینگ بۆ یەکخستن و پەرەپێدان و بەردەوامبوونی ژیان، چ لەسەر ئاستی تاکەکەسی، یان لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان گەلان و نەتەوەکان، یان لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان وڵاتان ڕۆڵیان گێڕاوە، دەبینین لەگەڵ کاتدا ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتەتی و کولتووری جیاوازیان گرتۆتە بەر.

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باری بۆزان، پێی وایە، دەکرێ کارلێکی نێوان شارە کۆنەکانی سۆمەری و پەیوەندییەکانی نێوانیان بە یەکەم سیستەمی نێودەوڵەتی پێشکەوتوو دابنرێ، بەڵام مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی وێستفاڵیا، کە لە ساڵی ۱٦٤۸ واژۆکرا و بە خاڵی دەستپێکی دیپلۆماسییەت و پەیوەندییەکانی پەرەپێدانی سیستەمی دەوڵەتی مۆدێرنە ئەژمار دەکرێ.  

گەلی کوردستان، کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین، لە قۆناغی جیا جیا و بە پێی پێداویستییەکانی دۆخی بابەتی و بەرژەوەندی هاوبەش هەوڵی بونیادنانی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و جیهان داوە.

گەلی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێ باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، کەوا دیالۆگ و دیبلۆماسییەت دوو ڕێگەی سەرکەوتوون بۆ چاسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی نێوان گۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و سیستەمی دەوڵەتەکان، بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسایی، دوور لە ململانێ و دوژمنایەتی.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان پشت بە سیاسەتێکی دەرەوە دەبەستێ، کە لەسەر بنەمای (یەکەم هەرێمی كوردستان) و دوورکەوتنەوە لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەبێت بە گۆڕەپانێ بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان زلهێز و هێزە هەرێمییەکان، کە ئێستا لە ناوچەکە بەتەواوی بەرجەستەیە و دواجار بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم ببێت بە کۆمپاسێ بۆ دیاریکردنی ئاراستەکانی ئەو سیاسەتەی، کە هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەیگرێتە بەر.

هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی کرانەوەیە بەڕووی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بێ ئەوەی دەستبەرداری سەربەخۆیی بیت لە بڕیار و لە سەروەری خاکی هەرێم.

حکومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کاری کردووە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان و گەلانی ناوچەکە و جیهان. هەرێم زۆریش گرینگی بە بوارەکانی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی داوە، چۆنکە ئەو بوارانە پێویستن بۆ کارکردن و هاوکاری و پەرەپێدان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییەکان، لە پێناو گەشەسەندن و پەرەپێدانی کۆمەلگەی كوردستان و زامنکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێم.

هەرێمی كوردستان بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردەکانی هەر لە دەسپێکی دامەزراندییەوە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو، پاش چەندین دەیە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ درووستکردووە، بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەو وڵاتانە، کەوا دامەزراندنی هەرێمێکی فیدڕاڵ دەتوانێ ئاسایش و سەقامگیری بچەسپێنێ و پەیوەندی دۆستانە لە نێوان گەلان و جیهان تۆکمەتر بکات.

لەم سۆنگەیەوە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی دیبلۆماسی خۆی و هێزی نەرمی خستۆتە گەڕ، بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەو وڵاتانەی، کە نادادپەروەرانە خاکی کوردستانیان بە پێی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە دابەش کردووە.  

 ڕاستە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتە سەربەخۆکان لە ڕووی سیاسی و تا ڕادەیەك لە ڕووی ئەمنییەوە جێگیرە، ئەوان سیستەمێکی دیپلۆماسییان هەیە، کە لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوەوەیان نوێنەرایەتی دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە، بێ ئەوەی فشارێکی زۆر لەلایەن ئەم یان ئەو حیزبەوە بخرێتە سەریان، بەڵام سیستەمە دیپلۆماسییەکەی هەرێمی کوردستان بەهۆی جوگرافیای ئاڵۆزی و لکاندنی بەشێ لە خاك و خەڵکی بە وڵاتانی دراوسێوە بارگرانییەکی گەورەی بۆ درووست بووە.  

لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم سەرکەوتوو بووە لە دیبلۆماسییەتی، کە وەکو دەوڵەتە سەربەخۆکان لە ژینگەیەکی سروشتی کارناکات، بۆیە پێویستە لەسەر هەرێم، پێش ئەوەی هەر هەڵوێستێ بنوێنێ یان هەر بڕیارێ بدات، بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەکان و دەوڵەتەکانی هەرێمی دەوروبەر لەبەرچاو بگرێ.

 هەبوونی سیستەمێکی دیپلۆماسی، کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی هەرێم و گەلی کوردستان بپارێزێ و بەرامبەرەکانی لە ناوچەکە دڵنیا بکاتەوە، کە بەرژەوەندییان پارێزراوە،  پێویستی بە سیاسەتێکی دانا و عەقڵانی هەیە، بەتایبەتی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆزەکان.

ئێمە پێمان وایە، حکومەتی هەرێم و دیپلۆماسییەتی هەرێم سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراویان بەدەستهێناوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و کاری جددیش کراوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک، ئەگەر هەبووبێ لە سیستەمی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا. 

سەردانیکردنی کەسایەتی ناوداری بواری سیاسەت و سەرکردەی دەوڵەتان بۆ هەرێمی كوردستان و بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکان، بۆ نموونە لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهوك (MEPS Forum )، بەڵگەی ئەوەن، کە کوردستان بۆتە وێستگەیەکی دیپلۆماسی و ئەم وێستگەیە هیچی کەمتر نییە لە پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە. 

 بۆیە زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، سیاسەت و حیکمەتی سەرکردەکانی هەرێم و سیستەمە دیپلۆماسییەکەیان لە بەڕێوەبردنی دۆسیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتوو بووە، تەنانەت سەرکەوتووتر بووە  لە سیستەمی دیپلۆماسی هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی، کە ئەو وڵاتانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیپێدانراون و توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ کارکردن و مانۆڕکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان، بە بەراورد لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە هێشتا بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ناوخۆیی و ئالنگاری ناوچەیی بۆتەوە.

دیبلۆماسیەتی هەرێم دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتان و پێکهاتە هەرێمییەکانی تر و پشکدار دەبێت لە بەهێزکردنی هاوکاری ئابوری و ئاڵۆگۆڕی کولتووری لەگەڵ ناوچەکە و جیهان، هەروەها ئەم دیبلۆماسیەتە دەبێتە ئامرازێ بۆ کاری پێکەوەیی لەسەر ئاستی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و تیرۆر و هاوکاری مرۆیی و بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێم و جەختکردنەوە لەسەر بوونی هەرێم وەکو کیانێکی سەربەخۆ.

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیبلۆماسییەت