کریستین چانگ: ئەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات کاریگەری لەسەر تاک بە تاکمان هەیە

کریستین چانگ
کریستین چانگ

K24 – هەولێر

کریستین چانگ رایگەیاند، رۆژئاوا هەڵوێستەکانی خۆی بە روونی ئاشکرا نەکردووە، سەبارەت بەو پرسانەی کە روودەدات، هەروەها ئەوەی کە ئێستا لە غەززە روودەدات، کاریگەری لەسەر تاک بە تاکمان هەیە.

کریستین چانگ، لە کۆلێژی کینگ لە لەندەنەوە بەشداری لە پانێڵی کۆڕبەندی چوارەمی مێپس لە دهۆک کرد و گوتی: دەمەوێت لەسەر قسەکانی فواد حوسێن قسە بکەم، کە پێشتر لەسەر چەند پرسێکی گرنگ قسەی کرد، من پێم وایە لێرە سێ شت هەیە بۆ تۆ، یەکەمیان گوێ بگری، هەروەها ئاگاداربیت و باوەڕت بەبنەماکان هەبێت، هەروەها چەندین دیدگا هەن لەو شتانەی ئێستا لێرەدا باسدەکرێن، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بیرۆکانە بکرێت، کە دێنە ناو پرسەکەوە.

گوتیشی: پێویستە رووبەرووی ئەو توند و تیژییانە ببینەوە کە هەیە، ئەگەر بیربکەینەوە، سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی شەش ساڵی رابردوو لە کۆڵۆمبیا، دەبینین رێکخراوێکی تیرۆریستی لەپشت ئەو ئالنگارییانەدا هەیە، ئەوان هەوڵیان دەدا کێشەکان چارەسەر بکەن.

دەشڵێت: رۆژئاوا هەڵوێستەکانی خۆی بە روونی ئاشکرا نەکردووە، سەبارەت بەو پرسانەی کە روودەدات، هەروەها وڵاتەکەشم کە بەریتانییایە ماوەی چەندین ساڵە لەوێ دەژیم، کێشەکان بەشێوەیەکی میژوویی و جیۆپۆلیتیکی چارەسەر نەکراون.

باسی لەوەشکرد: ئەوەی کە ئێستا لە غەززە روودەدات، کاریگەری لەسەر تاک بە تاکمان هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت کە کێشەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە کێشەکان زۆر بە جددی وەرنەگیراوە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.