محەمەد ئیسماعیل: بێ چارەسەری پرسی کورد ئەمن و ئاسایش نایەتە دی

K24 - هەولێر

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە رایگەیاند، بێ چارەسەری پرسی کورد ئەمن و ئاسایش نایەتە دی.

محەمەد ئیسماعیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە لە لیدوانێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندی مێپس بە کوردستان24ـی راگەیاند، بێ چارەسەری پرسی کورد ئەمن و ئاسایش نایەتە دی، واتە هەر کەسێک بیەوێت ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بیتەدی، ئەوە پرسی کورد یەکێکە لە گرنگترین شتەکان.

دەشڵێت: پرسی دیکەش هەیە وەک پرسی ئابووری و حکومەتێکی بێ گەندەڵی و مافی ژنان، بەمەش بەرەو ئەمن و ئاسایش دەچێت.

کۆڕبەندی مێپس کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هوشیاری زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیان کەسایەتی دیکە بەشداری دەکەن.