چالاکییەکانی رۆژی دووەمی کۆڕبەندی مێپس دەستپێدەکات

K24 – هەولێر

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00 چالاکییەکانی رۆژی دووەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) دەست پێدەکات.

لە دەستپێکی رۆژی دووەمی مێپس، وتاری بەخێرهێنان لەلایەن د. راندل رۆدز سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک پێشکەش دەکرێت.

 دواتر خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە گوتارێکدا باس لە دۆخی ئێستای عێراق دەکات.

هەر لە رۆژی دووەمی کۆڕبەندی مێپس، لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق گوتارێک لەبارەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەش دەکات.

ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، ژمارەیەک سیاسەتمەداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک قسەکەر بەشداری لە پانێلەکان دەکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پانێلی سێیەمی رۆژی دووەمی کۆڕبەند، باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پانێلەکە لەلایەن مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC بەڕێوەدەبرێت.

دوێنێ 20/11/2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.